بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق: لێکتێگەیشتن لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە

بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق: لێکتێگەیشتن لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و "تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان هیچ بڕە نەوتێکی رادەست نەکردووە".

حامد یونس ساڵح، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستانی وەرنەگرتووە، "ئێستا لێکتێگەیشتن لەنێوان ناوەند و هەرێم هەیە، هیوادارین بگەنە رێککەوتنێکی دوو قۆڵی، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی وڵات بکات".

بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپێک لەدوای سعودیە، پێگەیەکی سەرەکیی هەیە لە لایەنی کاریگەری بەسەر بڕیار و دیاریکردنی سیاسەتەکانی ئەو بوارە.

بە گوتەی حامد یونس ساڵح، عێراق لە رابردوودا رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە کۆنترۆڵکردنی نرخی نەوتی جیهانی و دروستکردنی هاوسەنگی لەنێوان بەرهەمهێنان و بەکاربردن، "کاریگەرییەکەش روونە لەڕێگەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کە بۆ هەر بەرمیلێک 65 دۆلاری تێپەڕاندووە".

بەپێی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ئەمساڵ، لە پاڵ رۆژانە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ و رادەستکردنی 50%ـی داهاتی دەروازەکان و داهاتی فیدراڵیی دیکەی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی عێراق، دەبێت شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2004 تاوەکو 2020 یەکلایی بکرێنەوە، ئەوکات حکومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
rudaw -
Top