وەزیری ئاوی عێراق: تورکیا رازی بوو بەشەئاوی خۆمان بۆ بەرداتەوە

وەزیری ئاوی عێراق: تورکیا رازی بوو بەشەئاوی خۆمان بۆ بەرداتەوە
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی حکوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، تورکیا رازی بووە بەشەئاوی عێراق لە رووبارەکانی دیجلە و فورات، بەرداتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 14-3-2021، مەهدی حەمدانی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، نێردەی تایبەتیی تورکیا لەبارەی ئاوەوە، پێی راگەیاندوو، پەرلەمانی تورکیا رەزامەندیی لەسەر یاداشت و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی بەغدا و ئەنقەرە داوە و ”لە داهاتووێکی نزیکدا“ واژۆ دەکرێن.

مەهدی حەمدانی هەروەها رایگەیاندووە، بەپێی یاداشت و لێکتێگەیشتنەکان، تورکیا بەشەئاوی عێراق بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەردەداتەوە.

رووباری فورات لە باکووری کوردستان (تورکیا) هەڵدەقوڵێت و بەناو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە، دەگاتە رۆژئاوای عێراق و لەوێش دەڕژێتە ناو کەنداوی عەرەبی.

هەروەها رووباری دیجلەش بە هەمان شێوە لە باکووری کوردستان (تورکیا) هەڵدەقوڵێت و بەناو خاکی باشووری کوردستانەوە، دەگاتە عێراق و دواتریش دەڕژێتە ناو کەنداوی عەرەبی.












باسنيوز

Top