لێژنەی دارایی: بودجە نەخراوەتە کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان

لێژنەی دارایی: بودجە نەخراوەتە کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان
لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، گفتوگۆکردن یان پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021ـی تێدا نییە.

ماجیدە تەمیمی، ئەندامی لێژنەکە بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵیی عێراقی راگەیاندووە، لە کۆبونەوەی رۆژی دووشەممە 15-3-2021دا، تەنیا دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەکرێت.

ماجیدە تەمیمی هەروەها رایگەیاندووە، پێویست بوو لەو کۆبوونەوەیەدا پرۆژەیاسای بودجەش بخرێتە بەرنامەی کارەوە و دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ئەو پرۆژەیاسایە نەخراوەتە کارنامەی کۆبوونەوەکە.

ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لێژنەکە لە دواکۆبوونەوەیدا رێککەوت لەسەر خستنەدەنگدانی چەند ماددەیەکی پرۆژەیاسای بودجە لەم هەفتەیە.

پێشتر لەسەر داواکاریی 150 پەرلەمانتار، محەمەد حەلبوسیی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە 15-3-2021ـی بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، دیاری کرد.






باسنيوز
Top