خۆپێشاندەرانی نەجەف داوای لەکارلابردنی پارێزگار دەکەن
هەر ئەمڕۆ خۆپێشاندەران پردی ئیسکانیان لە شاری نەجەف ناوەندی پارێزگای نەجەف داخست. ئەوەش بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر خراپیی خزمەتگوزاری و خراپیی ئیدارەدانی پارێزگاکەیان لە لایەن حکومەتی خۆجێی نەجەفەوە.
سەبارەت بە وردەکارییەکانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە نەجەف، موسەننا جاسم، رۆژنامەنووس لە شاری نەجەف، ئەمڕۆ شەممە، راگەیاند: "خۆپێشاندانەکانی ئەمڕۆی شاری نەجەف درێژەی خۆپێشاندانەکانی دوو رۆژی رابردوون لە شارەکە، خۆپێشاندەران کە زۆرینەیان گەنجانی خۆپێشاندەری تشرینن (خۆپێشاندانەکانی تشرینی یەکەمی 2019 لە بەغدا) و داوای لە کارلابردنی پارێزگاری نەجەف و هەردوو جێگرەکەی دەکەن، چونکە تۆمەتباریان دەکەن بە تێوەگلان لە کوژرانی چەندین گەنجی خۆپێشاندەر لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو لە نەجەف".
هاوکات عەلی ئەلزەبحاوی، چالاکڤان و یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان لە پارێزگای نەجەف، ئەمڕۆ، ب راگەیاند: "نزیکەی سێ هەزار خۆپێشاندەر لە سەنتەری نەجەف چوونەتە سەر شەقامەکان و شەش شەقامیان بە تەواوی داخستووە".
لەبارەی داخوازیی خۆپێشاندەرانیشەوە، ئەلزەبحاوی رایگەیاند، "لە رابردوو و ئێستا و داهاتوودا داواکارییان دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری نەجەفە".
ئەم داواکارییەی خۆپێشاندەرانی نەجەف هاوکاتە لەگەڵ گردبوونەوەی خۆپێشاندەران لە پارێزگای بابل لە باشووری عێراق، کە دیسان ئەوانیش داوای لەکارلابردنی حەسەن مەندیل، پارێزگاری بابل دەکەن، ئەم داواکارییانە هەروەها دوای دوو هافتە هاتن لە دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری زیقار لەسەر داوای خۆپێشاندەران لەو پارێزگایە.
rudaw -