عێراق خۆراکی سەدان خێزانی پەنابەری رۆژهەڵاتی کوردستانی لە کامپەکان بڕیوە
ئەو پەنابەرانە کە زیاتر لە 40 ساڵە لە عێراق پەنابەرن، لە دۆخێکی خراپی ئابووریدان و لە رووی پەیداکردنی بژێویی ژیانەوە رووبەڕووی کێشەی جیددی بوونەتەوە. پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە هاتوونە عێراق و لە سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا لە لایەن حکومەتی ئەو کاتی عێراقەوە گوازراونەتەوە بۆ کامپەکانی ناسریە.
لە دوای رووخانی حکومەتی بەعس لە ساڵی 2003 ئەوان چوونەتە ناوچەی هەڵەبجە و باریکە و لەوێ لە چەند کامپێکی ئەو ناوچەیەدا جێگیر بوون و تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتینامەیەکیان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە پێنەدراوە و تەنانەت منداڵانیشیان لە مافی خوێندن بێبەشن. سەرەڕای ئەوەش هیچ جۆرە هەلی کارێکی گونجاویشیان بۆ نەڕەخساوە و بەبێ ئەوەی هیچ مووچەیەکی دیاریکراو یان داهاتێکیان هەبێت، "تەنیا لە رێگەی هاوکاریی خۆراکی حکومەتی عێراقەوە یارمەتییان دراوە".
بەشێک لە دانیشتووانی کامپەکان دەڵێن، پێشتریش لە ساڵی 2020 هاوکارییەکانییان بەشێوەی کاتی بڕدراوە و جاروبار چەند مانگ جارێک هاوکارییان بۆ هاتووە، بەڵام ئێستا لە سەرەتای ساڵی 2021ـەوە هەموو جۆرە هاوکارییەکیان بڕیون.
لە رێگەی وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە بەدواداچوونی بۆ کەسی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە عێراق کرد، بەڵام ئەو وەزارەتە ئامادەنەبوو وەڵامی بەدواداچوونەکان بدەنەوە. رووداو لە رێگەی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە بەدواداچوونەکانی بەردەوام بوون، ئەوانیش بەهۆی ئەوەی پەنابەرەکان وەک پەنابەری رۆژهەڵاتی کوردستان لە عێراق ناویان تۆمارکراوە، هیچ وەڵامێکیان بۆ کەیسەکە نەبوو.
نەوزاد شێخ کامیل، بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوت؛ ئاگاداری دۆخی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەن، بەڵام ئەگەر بێتو بەدواداچوون بۆ کەسی هاوکارییەکەیان لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بکەن، ئەو وەزارەتە هاوکارییەکە دەخەنە ئەستۆی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەڵێن، دەبێت ئەوان هاوکارییان بکەن.
rudaw -