زیاتر لە یەک ملیۆن ڤاکسینی دیکە دەگاتە عێراق

زیاتر لە یەک ملیۆن ڤاکسینی دیکە دەگاتە عێراق
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، پێنج رۆژی دیكە زیاتر لە یەک ملیۆن ڤاکسینی جۆری ئەسترازینیكا دەگاتە عێراق، ئەگەر هاووڵاتییانیش پابەندی رێكارەكانی خۆپارێزی نەبن، رەنگە رەوشی تەندروستیی عێراق خراپتربێت.

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق راگەیاند "ئامانج لە درێژكردنەوەی رێكارەكانی قەدەخەی هاتووچۆ بریتییە لە كەمكردنەوەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لەنێو هاووڵاتییان؛ رەوشی تەندروستی هێشتا زۆر خراپە و بەهۆی پابەندنەبوونی زۆربەی هاووڵاتییانیش بە رێكارەكانی خۆپارێزییەوە، رەنگە رەوشەكە خراپتربێت".

سەبارەت بە وادەی گەیشتنی پێكوتەی ئەسترازینیکا بۆ عێراق، سەیف بەدر ئاماژەی بەوە دا "رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئاگاداریكردینەوە كە لە ماوەی پێنج رۆژی دیكەدا زیاتر لە ملیۆنێك و 100 هەزار پێكوتەی جۆری ئەسترازینیكا لەلایەن كۆڤاكسەوە دەگاتە عێراق".

گوتەبێژەکەی تەندروستیی عێراق ئەوەی خستەڕوو "بەمزووانە دوو ملیۆن ڤاکسینی سینۆفارمی چینی و ملیۆنێك ڤاکسینی سپوتنیک ڤی رووسی دەگەنە عێراق، ملیۆنێك و 525 هەزار پێكوتەشمان لەلایەن كۆمپانیای فایزەرەوە کڕیوە و دوای دەرچوونی یاسای تایبەت بە ڤاکسینی دژە كۆرۆنا لەلایەن پەرلەمان، كە كۆمپانیای فایزەر داوایكردووە، رەوانەی عێراق دەكرێت".

تاوەكو ئێستا 745 هەزار و 642 كەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەیش 674 هەزار و 345 تووشبوو چاكبوونەتەوە، 13 هەزار و 671 تووشبوویش گیانیان لەدەستداوە.

رۆژی سێشەممە 2ی ئادار 50 هەزار ژەمە ڤاکسین بە فڕۆکەیەک وەکو یەکەم کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنای سینۆفارمی چینی گەیشتە عێراق و رۆژی دواتریش دەست بە پێدانی ڤاکسینەکە بە کارمەندانی تەندروستی کرا و پێنج هەزار ژەمە ڤاکسینیشی بۆ هەرێمی کوردستان نێردرا.
rudaw -
Top