لیژنەی دارایی پهرلهمانی عێراق: له نێو حكوومهتی عێراقدا بێكاریی رووپۆشكراو دروست كراوە
ئهمڕۆ پێنجشهممه 11/3/2021، د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "بەپێی ئەو راپۆرتانەی لەبەردەستماندان، فەرمانبەری عێراقی بەرهەمی كاركردنی لە كۆی 8 كاتژمێردا لە رۆژێكدا تەنیا 17 خولەكە، بهو واتهیهی 83%ی فەرمانبەرانی عێراق به بێكاری رووپۆشكراون".
روونیشی كردەوە لەسەر دەوڵەت پێویستە كار بۆ بێكاران دەستەبەر بكات و داهاتێكیان بۆ فەراهەم بكات "بەڵام ئەوەی لە عێراقدا هەیە، ئەو پێوەرەی لەسەر جێبەجێ ناكرێت، بەڵكوو لە سایەی سیاسەتی ئابووری و سیاسەتی ئێستای عێراق دۆخەكە بەجۆرێكە بێكاریی رووپۆشكراو دروست كراوە، لە كاتێكدا ئەركی حكوومەتە كار بۆ بێكاران بدۆزێتەوە و بێكاری كەم بكاتەوە، بەڵام ناكرێ داموودەزگاكانی حكوومەت پڕ بكرێن لە فەرمانبەری بێكار و بەرهەم".
خالید بەتاڵ، وەزیری پلاندانی عێراق رای گەیاندووە: "فەرمانبەرانی كەرتی حكوومی هیچ بەرهەمێكیان نییە، بە پێی راپۆرتی بانكی نێودەوڵەتی لە دامودەزگاكانی عێراق بێكارییەكی زۆری رووپۆشكراو هەیە".
لای خۆیەوە حەسەن شەمەری، شارەزای ئابووریی عێراقی جەخت دەكاتەوە، بێكارییەكی زۆر لە دامودەزگاكانی عێراق هەیە، "عێراق بەدەست بێكاریی رووپۆشكراو دەناڵێنێت، بە پێی راپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكانیش بەرهەمی رۆژانەی فەرمانبەری عێراقی تەنیا 17 خولەك كاركردنە،
بە پێی راپۆرتێك لە كۆی 59%ی هێزی كار لە عێراقدا 31% بێكاری كاتی و 59% بێكاری رووپۆشكراو هەیە، وە 85%ی ئافرەتانی عێراقیش بێكارن.
حەسەن شەمەری، ئاشكرای دەكات" زیاتر لە 315 هەزار فەرمانبەری عێراق زیادەن و پێویست نین، بەڵام بەهۆی ململانێی سیاسی و واستەكارییهوه كراون بە فەرمانبەر".
باسنيوز