باڵوێزی یەکێتیی ئەوروپا: دوای گەڕانەوەی پاپا توندوتیژی و تیرۆر دەگەڕێتەوە عێراق

باڵوێزی یەکێتیی ئەوروپا: دوای گەڕانەوەی پاپا توندوتیژی و تیرۆر دەگەڕێتەوە عێراق


باڵوێزی یەکێتیی ئەوروپا لە بەغدای پایتەختی عێراق رایدەگەیەنێت، بارودۆخی عێراق گەڕایەوە بۆ بارودۆخی پێش سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-3-2021، مارتن هۆس، باڵوێزی یەکێتیی ئەوروپا لە بەغدا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، وێنەیەکی جاسب حەتابی باوکی عەلی جاسب، پارێزەری رفیندراوی عێراقی بڵاو کردووەتەوە، کە رۆژی چوارشەممە (دوێنێ)، کوژرا.

مارتن هۆس بە سەرسوڕمانەوە پرسیویەتی، دوای گەرانەوەی پاپا فرانسیسی پاپای ڤاتیکان بۆ وڵاتەکەی، بارودۆخی عێراق تێکچووەوە و گەڕاوەتەوە بۆ ئەو دۆخە ئاساییەی پێش سەردانەکە هەبوو؟

عەلی جاسب پارێزەر و چالاکوانێکی عێراقییە و بەهۆی داکۆکیکردنی لە خۆپیشاندەران، رفێندراوە و جاب حەتابی باوکیشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی نزیک لە ئێرانی بە رفاندنی کوڕەکەی، تاوانبار دەکرد.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە جاسب حەتاب لە دیوانییە بە شەش گوللە، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژرا.








باسنیوز
Top