دەیان کەس لە خەڵکی نەجەف دژی نەبوونی هەلی کار و کەمی خزمەتگوزاری خۆپێشاندانیان ئەنجامدا

دەیان کەس لە خەڵکی نەجەف دژی نەبوونی هەلی کار و کەمی خزمەتگوزاری خۆپێشاندانیان ئەنجامدا
دژی گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزاری و نەبوونی هەلی كار، دەیان كەس لە پارێزگای نەجەف خۆپێشاندانیان ئەنجامدا.

سەرچاوەیەك لە نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگای نەجەف راگەیاند، "ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئاداری 2021 دەیان خۆپێشاندەر لە شاری نەجەف خۆپێشاندانیان ئەنجامدا و داوای دوورخستنەوەی پارێزگار، سزادانی گەندەڵكاران، باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی هەلی كاریان كرد. لە خۆپێشاندانەكەدا هیچ گرژییەك لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپێشاندەران رووینەدا".

لە رۆژانی رابردوودا لە پارێزگاكانی دیوانییە، بابل، زیقار و بەسرە، خۆپێشاندان بەڕێوەچوو و داوای دوورخستنەوەی پارێزگاریان کرد.

لە ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار گرژی لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەكان روویدا و بەهۆیەوە پێنج خۆپێشاندەر كوژران و زیاتر لە 300 كەسی دیكەش برینداربوون كە زۆربەیان لە خۆپێشاندەران بوون، هەروەها بەهۆی گوشاری خۆپێشاندەران نازم وائلی، پارێزگاری ئەو کاتەی زیقار دەستی لەكاركێشایەوە و سەرۆکوەزیرانی عێراق عەبدولغەنی ئەسەدی، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە پارێزگاری زیقار دامەزراند.

بەپێی داتا نافەرمییەكان لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكان لە شاری بەغدا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە كانوونی یەكەمی 2019ەوە نزیكەی 600 كەس كوژراون و نزیکەی 20 هەزار كەسی دیكەش برینداربوون، كە زۆربەیان لە خۆپێشاندەرانن.
rudaw -
Top