یەکێتیی ئەوروپا پێشوازی له‌ بانگەوازەکەی كازمی ده‌كات

 یەکێتیی ئەوروپا پێشوازی له‌ بانگەوازەکەی كازمی ده‌كات
باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە بەغدا رایگه‌یاند ، پێشوازی له‌ بانگەوازەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ده‌كەن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی ، بە ئامانجی چارەسەرکردنی ریشەیی سەرجەم کێشە و ناکۆکییەکانی ئه‌و وڵاته‌.

مارتن ھوس باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە بەغدا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگه‌یاند ،" پێشوازی له‌ بانگەوازەکەی مستەفا کازمی ، بۆ سازکردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی بە ئامانجی چارەسەرکردنی ریشەیی سەرجەم کێشە و ناکۆکییەکان، بەڵام گرنگە سەرجەم لایەنەکان بەشداری لەو گفتوگۆیەدا بکەن".

یەکێتیی ئەوروپا پاڵپشتی ئه‌و گفتوگۆ نیشتمانییه‌ ده‌كات

رونیشیكرده‌وه‌ ، یەکێتیی ئەوروپا پاڵپشتی ئه‌و گفتوگۆ نیشتمانییه‌ ده‌كات هاوكاری عێراقیش ده‌بێت لە بیرۆکەی پتەوترکردنی پەیوەندییه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق.

8 ی ئه‌م مانگه‌ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای سازکردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی له‌ هه‌مو هێزه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی حكومه‌ته‌كه‌ی كرد، بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریی وڵات.









خه‌ندان
Top