نووسه‌رێكی سعوودییه‌: وه‌ڵامدانه‌وه‌ی "هێرشه‌كانی ئێران له‌ هه‌ولێره‌وه‌ تا نه‌جران" پێویستی به‌ "ناتۆی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست"ـه‌

نووسه‌رێكی سعوودییه‌: وه‌ڵامدانه‌وه‌ی
نووسه‌ری ناوداری عه‌ره‌ب، عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌لڕاشد، به‌ڕێوبه‌ری پێشووی كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ له‌ وتارێكدا به‌ ناونیشانی "هێرشه‌كانی ئێران له‌ هه‌ولێره‌وه‌ تا نه‌جران" باسی له‌ رۆڵی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ كردووه‌ و ئه‌و رۆڵه‌ی به‌ "هۆكاری سه‌ره‌كی نائارامییه‌كانی ناوچه‌كه"‌ وه‌سفكردووه‌ و ره‌خنه‌شی له‌ سیاسه‌تی ئیداره‌ی بایدن له‌ هه‌مبه‌ر ئێران گرتووه‌.

نووسه‌ری وتاره‌كه‌، كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی نزیكی بنه‌ماڵه‌ی پادشایی سعوودییه‌یه نووسیویه‌تی: "14 مووشه‌ك نران به‌ گه‌ڕه‌كێكی مه‌ده‌نی و بنكه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولیر و ئه‌مه‌ریكاییه‌ك كوژرا و 9ی دیكه‌ بریندار بوون. دوای ئه‌وه‌ 10 مووشه‌كی دیكه‌ نران به‌ بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌دی ئه‌مه‌ریكاییه‌وه‌. هه‌ر به‌و جۆره‌، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌یان مووشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان له‌ ئاسمانی چوار شاری سعوودییه و دامه‌زراوه‌‌ ته‌قینرانه‌وه‌. هه‌روه‌ها كه‌شتییه‌كی ئیسرائیل له‌ كه‌نداوی عومان كرایه‌ ئامانج و جگه‌ له‌وانه‌ش كه‌شتییه‌كی نه‌وتگوێزه‌ره‌وه‌، كه‌ ئێران نه‌وتی پێ ره‌وانه‌ی سووریا ده‌كرد، ئیسرائیل ده‌ڵێت، به‌ ئه‌نقه‌ست له‌ نزیك كه‌ناراوه‌كانی ئیسرائیل نه‌وتی رێشتووه‌ته‌ ده‌ریاوه‌ و كاریگه‌ری پیسكردنی ژینگه‌ی ده‌ریا تا نزیك كه‌ناراوه‌كانی لوبنان گه‌یشتووه‌. ئێران ده‌رگایه‌كی نوێی به‌ رووی كرده‌وه‌كانی كۆماندۆزی له‌ ناو خاكی پاكستانیش كردووه‌ته‌وه‌".

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "لیستی ده‌ستدرێژییه‌كانی ئێران دوور و درێژه‌، هه‌مووشیان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراوون و له‌ رووی كاته‌وه‌ له‌ یه‌كه‌وه‌ نزیكن. ئامانجه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌، ئێران په‌یام ده‌نێرێت بۆ واشنتن و وڵاتانی ناوچه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئێران خۆیه‌تی ماوه‌ی 40 ساڵه‌ توندوتیژی به‌كار ده‌هێنێت، جا دانووستان له‌ ئارادابێت یاخود نه‌بێت".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌لڕاشد نووسیویه‌تی: "ئه‌مه‌ریكایه‌یكان به‌ دوای ئاماژه‌ی ئه‌رێنیدا ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام زۆر ده‌ستیان نه‌كه‌وتووه‌. هه‌رچی توندوتیژییه‌، وه‌ك ده‌بینین، له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌دا په‌ره‌ی سه‌ندووه‌. سه‌ركرده‌كانی ئیداره‌ی نوێ له‌ نێوان ناكۆكییه‌كاندا سه‌ما ده‌كه‌ن. ئه‌وان به‌ ده‌ستێك پشتیوانی سه‌ربازی له‌ دژی هێرشه‌كانی ئێران ده‌كه‌ن، به‌ ده‌ستێكیش ئاماژه‌ی سڵاو بۆ به‌رپرسانی ئێران ده‌نێرن. ئه‌وان به‌رده‌وامن له‌ سزادانی ئێران له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌، كه‌چی له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ خواستی خۆیان پیشانده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا 4 ملیار دۆلاری پاره‌ی كڕینی غاز بداته‌وه‌ تاران و تارانیش داوای ملیارێك دۆلاری زیاده‌ ده‌كات وه‌ك سوودی سه‌ر پاره‌كه‌. هه‌روه‌ها به‌ هه‌مان شێوه‌ رێگه‌ به‌ كۆریای باشوور ده‌ده‌ن 7 ملیار دۆلار بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئێران دوای ئه‌وه‌ی كه‌شتییه‌ك و كه‌شتیوانه‌كانی ده‌ستبه‌سه‌ر كران و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامیش له‌سه‌ر كه‌شتیگه‌لی كۆریای باشوور هه‌یه‌. ره‌نگه‌ هه‌موو ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ روو له‌ هه‌ڵكشانانه‌ی ئێران كار ئاسانی بكه‌ن بۆ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا، تا روانگه‌ی خۆیان بخه‌نه‌ڕوو و بڵێن دانووستان له‌گه‌ڵ ئێران له‌ پێناو رێككه‌وتنێكه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موواندا بێت".

عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌لراشد، كه‌سایه‌تی دیاری دنیای رۆشنبیری عه‌ره‌به‌، ره‌خنه‌ی زیاتری له‌ ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا گرتووه‌ و نووسیویه‌تی: "ناتوانین ئه‌ندازه‌گیری هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا بكه‌ین به‌ پشت به‌ستن به‌و به‌یانه‌ ره‌سمیانه‌ی ئیدانه‌ی ده‌ستدرێژییه‌ فراوان و روو له‌ هه‌ڵكشانه‌كانی ئێران ده‌كه‌ن، له‌و كاته‌وه‌ كه‌ بایدن بووه‌ته‌ سه‌رۆك. هه‌روه‌ك چۆن ناتوانین ئه‌ندازه‌گیرییه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و دوو كرده‌وه‌ سه‌ربازییه‌ رووكه‌شیانه‌ بكه‌ین، كه‌ ئه‌مه‌ریكا دژی میلیشیاكانی ئێران له‌ سووریا ئه‌نجامیدان. له‌ حاڵه‌تی به‌رده‌وامی كرده‌وه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران له‌و ناوچه‌یه‌، ئه‌وا، ئه‌گه‌ری دروست ئه‌وه‌یه‌، ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و گێژاو و پشێوییه‌كی گه‌وره‌ ده‌چێت، كه‌ ئه‌سته‌مه‌ كۆنترۆڵ بكرێت".

ئه‌و نووسه‌ره‌ی عه‌ره‌ب، كه‌ ئاگاداری په‌یوه‌ندی نهێنی وڵاتانی ناوچه‌كه‌یه‌، هۆشداری داوه‌ له‌ ئه‌گه‌ری فراوانبوونی ململانێكان و هاتنی هێزی دیكه‌ی جیهانی بۆ ناوچه‌كه‌، له‌ حاڵێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌ رێگرتن له‌ ئێران ئه‌نجام نه‌دات، وه‌ك هۆشدارییه‌ك نووسیویه‌تی: "هه‌روه‌ك چۆن هاوبه‌ند و كۆته‌ڵی سه‌ربازی و به‌ره‌ی نوێ ده‌كرێنه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای زۆرتر له‌ هه‌ر كاتێكی دیكه‌، بۆ ئه‌وه‌ی زلهێزه‌كانی دیكه‌ش بخزێنه‌ ناو ململانێكانی ناوچه‌كه‌ له‌ پێناو گێڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌".

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا، نووسه‌ر باسی ره‌وشی یه‌مه‌نی كردووه‌ و ئاماژه‌ی به‌ په‌لهاویشتنی حووسییه‌كان كردووه‌ و مه‌ترسی كه‌وتنی "مأرب" داوه‌ و نووسیویه‌تی: "یه‌مه‌ن كه‌ یه‌كێك بوو له‌ بانگه‌شه‌ و به‌ڵێنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی بایدن و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرا، توندوتیژییه‌كان كه‌مده‌كرێنه‌وه‌، كه‌چی پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت و شه‌ڕ و توندوتیژی په‌ره‌ی سه‌ندووه‌. ئه‌مجاره‌ حوسییه‌كان په‌ره‌یان به‌ كرده‌ سه‌ربازییه‌كانیان داوه‌، راسته‌وخۆ دوای ئه‌وه‌ی ناویان له‌ لیستی تیرۆری ئه‌مه‌ریكا ده‌رهێنرا. مه‌ئره‌ب، رووبه‌ڕووی شه‌ڕێكی دژوار بووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ مێژووی نوێدا هاوشێوه‌ی نه‌بووه‌. حووسییه‌كان له‌ هه‌موو لایه‌كی شاره‌كه‌وه‌ هاتوون و ده‌یانه‌وێت ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن. دانیشتوانه‌كه‌ی ملیۆنێك كه‌سن و ئه‌وان له‌ ساڵانی رابردوو له‌ ترسی شه‌ڕ رایانكردبوو و له‌ مه‌ئره‌ب گیرسابوونه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ته‌واوی دانیشتوانی شاره‌كه‌ رووبه‌ڕووی خراپترین كاره‌ساتی مرۆیی بوونه‌ته‌وه‌. شه‌ڕی حووسییه‌كان شاری "ته‌عز"ی به‌جێهێشتووه‌. كرده‌ی هه‌ڵدانی مووشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان له‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی سعوودییه‌ په‌ره‌ی سه‌ندووه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ سعوودییه‌ له‌سه‌ر داوای ئیداره‌ی بایدن چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی راگرتووه‌".

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "هه‌ر هه‌فته‌یه‌ك تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ كۆته‌ڵ و هاوبه‌ندییه‌كی نوێ له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌ دژی ئێران درووست بكرێت. به‌ چاوپۆشی له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌درێن بۆ دانووستانی نێوان ئێران و خۆرئاوا. نموونه‌ی ئه‌و به‌ره‌یه‌، یان وه‌ك ئه‌وه‌ی "رۆناڵد لاوده‌ر" له‌ وتارێكی رۆژنامه‌ی "شه‌رقولئه‌وسه‌ت"دا ناوی لێنابوو "ناتۆی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست" پێگه‌ی دانووستان به‌هێز ده‌كات، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئێران ده‌ستكه‌وتی دانووستان به‌ بژاری هه‌ره‌ باشتر له‌ بژاری درۆنز و مووشه‌كه‌ بالیستییه‌كان ده‌زانێت".

سه‌رچاوه‌: الشرق الأوسط
k24 -
Top