بانگه‌وازه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی كاردانه‌وه‌ی جیاواز به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت

بانگه‌وازه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی كاردانه‌وه‌ی جیاواز به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت
په‌رله‌مانتارانی پێشووی عێراق لێكدانه‌وه‌ی جیاواز بۆ بانگەوازەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی نیشتیمانی ده‌كه‌ن و ئاماژە بەوەدەكەن، لە ساڵانی رابردووشدا گفتوگۆ و رێككەوتنی نیشتمانییانە ئەنجامدراون، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌كه‌ جیاوازه‌ و ئاراسته‌كانیش گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌رده‌لان نوره‌دین، په‌رله‌مانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: ئێستا ھەلومەرجەكە گۆڕاوە و حزبی سیاسی نوێ پەیدا بووە، كە بڕوایان بە رێككەوتنەكانی پێشوو نییە و دەیانەوێت لەرێگه‌ی فشاركردن لەسەر ھەرێمی كوردستان، سۆز و سه‌رنجی شەقامی عێراقی بۆخۆیان رابكێشن.

هاوكات ره‌سول نه‌وزاد، په‌رله‌مانتاری پێشووی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، لەنێوان ھەولێر و بەغدا، چەندین پرس ھەن، كە پێویستان بە چارەسەرێكی یەكلاكەرەوە ھەیە، لەسەرووی ھەموویانەوە بە سیاسیكردنی مووچە و بودجەی ھەرێمی كوردستان لەلایەن لایەنە سیاسییەكانی عێراقەوە، دواتر ماددەی 140 و پرسی پێشمەرگە و كێشە كەڵەكەبووەكانی دیكە.

راسته‌وخۆ دوای په‌یامه‌كه‌، مه‌سرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لە بانگەوازەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد، بۆ رێككەوتن و چارەسەری بنەڕەتی كێشەكانیش، ئامادەیی تەواوی حكومەتی ھەرێمی كوردستانی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور دەربڕی.
k24 -
Top