ته‌ندروستی عێراق: رێكاره‌كانی گه‌یشتنی 20 ملیۆن ڤاكسینی كۆرۆنا ته‌واو بوونه‌

ته‌ندروستی عێراق: رێكاره‌كانی گه‌یشتنی 20 ملیۆن ڤاكسینی كۆرۆنا ته‌واو بوونه‌
حه‌سه‌ن ته‌میمی، وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان هه‌موو رێكاره‌كانی گه‌یشتنی 20 ملیۆن ڤاكسینی كۆرۆنای ته‌واو كردووه‌.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ حه‌سه‌ن نازم، گوته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "وه‌زیری ته‌ندروستی جه‌ختی له‌ ته‌واوكردنی سه‌رجه‌م رێكاره‌كانی گه‌یشتنی 20 ملیۆن ڤاكسینی كۆرۆنای كردووه‌ته‌وه‌"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌و راپۆرتانه‌ی ته‌میمی له‌باره‌ی دۆخی ته‌ندروستی و په‌تای كۆرۆنا له‌عێراق پێشكه‌ش كردووه‌، مایه‌ی نیگه‌رانین".

‌نازم دووپاتیكرده‌وه‌، "رێژه‌ی تووشبوون به‌ كۆرۆنا له‌ وڵات له‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌دایه‌ و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك به‌رپرسیارێتی ئه‌و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنه‌ له‌ئه‌ستۆ بگرێت".

هه‌روه‌ها گوتی: "ده‌مانه‌وێن هاووڵاتییان هان بده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ناوی خۆیان بۆ وه‌رگرتنی پێكوته‌ی كۆرۆنا له‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی تۆمار بكه‌ن".

جێگای ئاماژه‌یه‌، هیچ كامێك له‌ وه‌زیری ته‌ندروستی و گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق ئاماژه‌یان به‌ كاتی گه‌یشتنی ئه‌و 20 ملیۆن ڤاكسینه‌ نه‌كرد.
k24 -
Top