دوای سەردانەكەی پاپا پارێزگای زی قار بووەوە بە كەلاوەكەی جاران

دوای سەردانەكەی پاپا پارێزگای زی قار بووەوە بە كەلاوەكەی جاران
دوای سەردانە چەند كاتژمێرییەكەی پاپای ڤاتیكان بۆ شاری ئوور لە پارێزگای زی قار، حكوومەتی عێراق و ئیدارەی شارەكە هەموو ئەو ڕێوشوێنانەیان هەڵوەشاندەوە كە بۆ داپۆشینی عەیبوعاری شارەكە گرتبوویانە بەر و زی قار گەڕێندرایەوە دۆخی كەلاوەی جارانی.

میدیاكانی عێراق و هاووڵاتییانی پارێزگای زی قار لە باشووری وڵاتەكە شەپۆڵێكی گەورەی ناڕەزاییان دەست پێكردووە لە بەرانبەر ئەو هەڵوێستە سەیرەی حكوومەتی عێراق و ئیدارەی لۆكاڵیی زی قار، كە بۆ هاتنی پاپای ڤاتیكان چەند خزمەتگوزارییەكی بەپەلەیان بۆ شارەكە هێنابوو، بەڵام دوای ڕۆژێك هەموو خزمەتگوزاریییەكانیان هەڵگرتەوە.

بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"، ئەو موەلیدە كارەباییەش هەڵگیراوەتەوە، كە بۆ شەوێك هێنرابووە شارەكە و دوای گەڕانەوەی پاپا، دووبارە دانیشتوانی زی قار بێ كارەبا مانەوە.

لەلایەكی دیكەوە ماڵپەڕی "ئەلعالەم ئەلجەدید"ی عێراقی ئەو دەنگۆیەی پشتڕاست كردەوە كە باسی لە دزرانی ئەو كورسییە دەكرد كە پاپای ڤاتیكان لە شاری ئووری شوێنەواری لەسەری دانیشتبوو، بە پێی ماڵپەڕەكە، ئەم كورسییەی پاپای ڤاتیكان لەلایەن كۆمپانیایەكی لوبنانییەوە دزراوە، لەبری ئەوەی لە مۆزەخانەی زی قار هەڵبگیرێت.

ماڵپەڕەكە نووسیویەتی كۆمپانیا لوبنانییەكە بیانووی هێناوەتەوە گوایە ڕێكخەری ڕێورەسمی پێشوازیكردن لە پاپا بووە و ئەو كورسییەش یەكێك بووە لەو كەلوپەلانەی كۆمپانیاكە بەكاری هێناوە، بۆیە دوای تەواوبوونی ڕێورەسمەكە، كورسییەكەی خۆیان بردووەتەوە نەك دزیبێتیان.

لای خۆیەوە عەلا حەمدانی ڕۆژنامەنووس لە شاری ناسریە رایگەیاندووە كە دانیشتوانی باشووری عێراق بە تەواوی بێهیوا بوون لەوەی هیچ چاكسازییەك لە ناوچەكانیان ئەنجام بدرێت، دوای ئەوەی حكوومەتی بەغدا و حكوومەتی لۆكاڵی زی قار هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی هەڵوەشاندەوە كە بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ناوچەكە ئەنجامیان دابوو.

هەروەها چالاكوانانی بەغدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا باسیان لەوە كردووە كە حكوومەتی كاتیی عێراق هەموو ڕێوشوێنەكانی جوانكردنی پایتەختی فیدراڵی هەڵوەشاندووەتەوە و ئێستا تەواوی ناوچەكانی شارەكە وەكو ڕۆژانی پێش هاتنی پاپا، بەسەر زبڵ و پیساییدا كەوتوون.












باسنيوز


Top