مالیکی و سوننەکان هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەدەن

مالیکی و سوننەکان هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەدەن
ئەندامێکی هاوپەیمانیی سائیرون، کە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر رێبەرایەتیی ئەو هاوپەیمانییە دەکات، رایدەگەیەنێت، ”هەندێک لایەن“ هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، دەدەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 8-3-2021، ریاز مەسعودی، ئەندامی هاوپەیمانیی سائیرون لە پەرلەمانی عێراق، بە (شەفەق نیوز)ی راگەیاندووە، لە ساڵی 2020 پەرلەمان یاسای ژمارە 9ـی هەڵبژاردنەکانی عێراقی پەسەند کردووە، کە عێراقی بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەش کردووە.

ریاز مەسعودی هەروەها رایگەیاندووە، ”بەشێک لە هێزە سیاسییە مایەپووچبووەکان“، کە لە شکتهێنان لە هەڵبژاردن دەترسن، هەوڵی دروستکردنی رێگری لەپێش هەڵبژاردنی پێشوەختە دەدەن و کار لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و گەڕاندنەوەی بۆ یەک بازنەیی، دەکەن.

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هاوپەیمانیی سائیرون هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بەتایبەت بڕگەی بازنەکان، ”بە توندی رەت دەکاتەوە“.

هەروەها ”سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار“ بە شەفەق نیوزی راگەیاندووە، هەوڵ هەیە دوای دەرچوونی یاسای دادگای باڵای فیدڕالی، یاسای هەلبژاردن هەموار بکرێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاندووە، کە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی، کوتلەی فەزیڵە و لایەنە سوننەکان هەوڵی هەموارکردنەوەی یاساکە دەدەن و سائیرون و عەسایب ئەهلی حەقیش بە توندی رەتی دەکەنەوە.

هەرچەندە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە رۆژی 6-6-2021ـەوە بۆ 10-10-2021 دوخراوە، بەڵام بەشێک لە سیاسەتمەدارانی عێراق پێیانوایە ئەو هەڵبژاردنە لە کاتی دیاریکراودا بەڕێوە ناچێت.













باسنيوز


Top