پەیمانگای واشنتن: دیدارەکەی پاپا و سیستانی هەنگاوێکی باشه بۆ ئاشتی جیهانی
هەنگاوێکی راست و گونجاو بو بە ئاڕاستەی عێراقێکی پڕ لە ئاشتی کە دوربێت لە هەمو جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی
پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی نزیك راپۆرتێکی لەبارەی سەردانەکەی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق بڵاوکردوەتەوە و لەبەشێکی راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، بەشێکی لەزۆر لەچاودێران باوەڕیانوایە سەردانەی پاپا و کۆبونەوەی لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان، هەنگاوێکی گرنگ بو بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان بەناوی دین و پێشوازیکردنی مسوڵمانانیش لەو سەردانەکە هەنگاوێکی راست و گونجاو بو بە ئاڕاستەی عێراقێکی پڕ لە ئاشتی کە دوربێت لە هەمو جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی.
داوا لەهەمو عێراقییەکان دەکەن سەردانەکە وەک هاندەرێک بۆ یەکخستنی ریزەکانیان سود لێوەربگرن
ئاماژە بەوەشکراوە، عێراق بەوهۆکارەی کۆمەڵگەیەکی فرە پێکهاتەیە و بەچەندین قۆناغی پڕ لەگرژیدا تێپەڕیوە و سەرەڕای کۆتاییهاتنی رێکخراوی داعشیش، بەڵام تائێستاش بەشێک لەوتاری مەزهەبی وەک ئاستەنگ لەبەردەم ئاشتی لەو وڵاتەدا دەبینرێت، بۆیە داوا لەهەمو عێراقییەکان دەکەن سەردانەکە وەک هاندەرێک بۆ یەکخستنی ریزەکانیان سود لێوەربگرن بەبێ رەچاوکردنی جۆری بیروباوەڕیان و هەوڵبدەن لەژێر ئاڵای وڵاتەکەیان ریزەکانیان یەکبخەن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەژێر ناوی دین.
پێویستە کەسانی سیاسی، ئاینی و رۆشنبیر گفتوگۆیەکی راستەقینە ئەنجام بدە
پەیمانگای واشنتن باسی لەوەشکردوە، سەردانەکەی پاپا ئەو راستیەی سەلماند کەبۆ رێگریکردن لە دوبارەبونەوەی روداوەکانی تاوان بە ناوی دین و دەرچواندنی یاسا بۆ پاراستنی پێکهاتەکان، پێویستە کەسانی سیاسی، ئاینی و رۆشنبیر گفتوگۆیەکی راستەقینە ئەنجام بدەن، هەروەها پێشنیاز دەکەن وڵاتانی رۆژئاواش پشتیوانی کەسایەتییە ئاینییەکان بکەن بۆ پەرەپێدانی چالاکی کلتوری و گفتوگۆی ئاینەکان و لەو پێناوەشدا رۆڵی ئەو کەسایەتییە ئاینی، لیبڕاڵ و ئەکادیمییانە زیاتر بکرێت کە خاوەنی پێگەن لەو ناوچەیەدا.
رۆژی هەینی 5ی ئازار پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان گەیشتە عێراق و لەماوەی سێ رۆژی سەردانەکەیدا لەبەغدا، نەجەف، زیقار، هەولێر و نەینەوا چەندین کۆبونەوە و مەراسیمی نزاکردنی ئەنجامدا.
دەبێت رێبەرانی ئاینیی رۆڵیان هەبێت لەسنوردانان بۆ ئەو نەهامەتییانەی جیهاندا پێیدا تێپەڕدەبێت
نوسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانیش لەبارەی کۆبونەوەی پاپا رایگەیاند بو، لەکۆبونەوەی نێوان عەلی سیستانی و پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان باس لەو ئاستەنگییە گەورانە کراوە کە روبەڕوی مرۆڤایەتی بونەتەوە و جەخت کراوەتەوە لەوەی دەبێت رێبەرانی ئاینیی رۆڵیان هەبێت لەسنوردانان بۆ ئەو نەهامەتییانەی جیهاندا پێیدا تێپەڕدەبێت.
خەندان