پەرلەمانتارێكی عێراق: بەهۆی بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار نزیكەی یەك تریلیۆن دینار بەفیڕۆ چووە

پەرلەمانتارێكی عێراق: بەهۆی بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار نزیكەی یەك تریلیۆن دینار بەفیڕۆ چووە
پەرلەمانتارێكی عێراق رایدەگەینێت، دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار وێرای گرانكردنی 30% كاڵا و خۆراكەكان یەك تریلیۆن دینار زیانیشی لە سامانی گشتی داوە.

حسێن عیقابی، ئەندامی فراكسیۆنی (نەهج وەتەنی) لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 7/3/2021 لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لە سایتی پەرلەمانی عێراق بڵابۆتەوە رایگەیاندووە: "سەرباری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهاتەكان، هێشتا وەزیری دارایی سوورە لەسەر بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار و تەنگهەڵچنین بە هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت ئەوانەی داهاتیان كەمە".

ئاماژە بەوەشدەكات، بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار بڕیارێكی خراپە، گوتیشی: "زۆر بەلامانەوە سەیرە وەزیری دارایی باس لەوە دەكات كە ناتوانن گۆڕانكاری لە نرخی دۆلاردا بكەن بەو بیانووەی كە نرخێكی گونجاوە و بڕیارەكە بە ڕاوێژ لەگەڵ بانكی ناوەندی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و لایەنە سیاسییەكاندا دراوە".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "نازانین ئایا وەزیری دارایی لە عێراق دەژی یاخود لە وڵاتێكی تر؟ ئایا قەبارەی ئەو زیانە نازانێت كە هاووڵاتی بەهۆی بڕیارەكەیانەوە پێیگەیشتووە؟ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار نرخی شمەك و كاڵای گران كردووە و تەنانەت بەرهەمی خۆماڵی بەڕێژەی 30% نرخەكەی بەرزبووەتەوە".

ئەو داوا دەكات نرخی دۆلار بگەڕێندرێتەوە ئاستی پێشووتر و پەرلەمان بڕیار لەو بارەیەوە بدات، "تەنانەت ئەگەر ئەو كارە پێویستی بە هەمواركردنەوەی یاسای بانكی ناوەندی هەبێت دەیكەین، پەرلەمانی عێراق بەرپرسیاریەتیەكی ئەخلاقی و دەستووری كەوتۆتە سەر شان بەرامبەر بە ستەمەی دەكرێت، بۆیە دەبێت نرخی دۆلار بگەرێندرێتەوە نرخی پێشووی خۆی".

پەرلەمانتارەكەی عێراق هەروەها دەشڵێت: "بەهۆی بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار نزیكەی یەك تریلیۆن دیناری سامانی گشتی لە فرۆشتنی دراوە بیانیەكان بەفیڕۆ چووە، بانكەكان و ئەو لایەنە سیاسیانەی لە پشتیانن بەهۆی یاریكرن و دزینی سامانی گشتی تاوانی زۆریان كردووە".













باسنيوز




Top