نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا : مەبەستمانە پاپا سەردانی موسڵی کۆن بکات

 نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا : مەبەستمانە پاپا سەردانی موسڵی کۆن بکات
پاپا فرانسیس دوای سەردانی بۆ هەولێر، بە هێلیکۆپتەر چووە موسڵ، پارێزگاری نەینەواش دەڵێت، ئەوان ئامادەکاریی تەواویان کردووە و لە میانی سەردانەکەیدا بەشێوەیەکی باشتر تیشک دەخەینە سەر پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ و ناوچەی کۆنی موسڵ، ئێمە مەبەستمانە پاپا سەردانی ناوچەی کۆنی موسڵ بکات بۆ ئەوەی بە چاوی خۆی ئەو باجە ببینێت کە شاری موسڵ داویەتی لەپێناو لەنێوبردنی داعش لەبری هەموو جیهان.

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا

رووداو: ئامادەکارییەکانتان بۆ پێشوازی لە پاپا بەکوێ گەیشتووە؟

نەجم جبووری: لە راستیدا ئێمە ئامادەسازییەکانمان بۆ پێشوازی لە جەنابی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان بەر لە دوو رۆژ تەواوکردووە، کە خۆی لە چەندین رووێکدا دەبینێتەوە، لە رووی ئەمنی، خزمەتگوزاری، ئامادەسازی شاری موسڵ یان حەمدانییە (قەرەقوش) بۆ پێشوازی لە قەداسەتی پاپا.

رووداو: پێتانوایە سەردانی پاپا فرانسیس کاریگەری لەسەر بونیادنانەوەی شارەکە دەبێت؟

نەجم جبووری: بێگومان لە میانی سەردانەکەیدا بەشێوەیەکی باشتر تیشک دەخەینە سەر پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ و ناوچەی کۆنی موسڵ، ئێمە مەبەستمانە پاپا سەردانی ناوچەی کۆنی موسڵ بکات بۆ ئەوەی بە چاوی خۆی ئەو باجە ببینێت کە شاری موسڵ داویەتی لەپێناو لەنێوبردنی چەتەکانی داعش لەبری هەموو جیهان، هەروەها بۆی روونبکەینەوە کە شارۆچکەی شنگالیش حاڵی بە هەمان حاڵی شاری کۆنی موسڵە، بە دڵنیاییەوە لە رێگەی پاپاوە دەنگمان بۆ رۆژهەڵات و رۆژئاوا هەموو وڵاتانی جیهان زیاتر بەرز دەبێتەوە، هەروەها بەشێکی زۆر لە دەزگاکانی راگەیاندن یاوەری دەبن و ئەو وێنەیە دەگوازنەوە کە چی بەسەر موسڵ هاتووە لەسەر دەستی چەتەکانی داعشی تیرۆریست.

رووداو: واتە لە رووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە بۆ پێشوازی لە پاپا ئامادەکارییەکانتان تەواو کردووە؟

نەجم جبووری: بەڵێ ئێمە ئامادەین، سوپاس بۆ خودا ئێمە ئامادەین تەنیا هەندێک وردەکاری بچووک ماوە وەک ئامادەسازی بۆ سەردانەکە، برایانم لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی و شارەوانییەکان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، لەنێویاندا ئاوو ئاوەڕۆ و ئاگرکوژێنەوە، پرد و رێگەوبانەکان هەموویان لەسەر کارن، هێزە ئەمنییەکانمان چ سوپا و چ پۆلیس ئەوانیش ئامادەن، پشتیوان بە خودا لە هەموو لایەکەوە ئامادەسازی کراوە، پشت بە خودا بە شێوەیەکی زۆر باش سەردانەکەی دەکات.

رووداو: پێتانوایە دوای سەردانەکەی پاپا فرانسیس ئاوارەکانی موسڵ دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان؟

نەجم جبووری: بەڵێ بێگومان، کاتێک جەنابی قەداسەتی پاپا سەردانی شاری قەرەقۆش دەکات لەوێ ئەو خزمەتگوزارییانە دەبینن کە لە شارەکەدا کراوە، ئێمە شانازی بە قەرەقۆشەوە دەکەین، چونکە باشترین شارۆچکەیە لە عێراق وەکو ژێرخان و خزمەتگوزاری و بوونی کەنیسەکان، ئێستا زۆرینەی دانیشتووانەکەی گەڕاونەتەوە، تەنانەت ئەوانەشی کە لە دەرەوەی عێراق بوون.

رووداو: رێککەوتنی شنگال بەکوێ گەیشتووە؟

نەجم جبووری: ئێمە پێشتر زۆرمان لەبارەی رێککەوتنی شنگال باسکردووە، تاوەکو هەنگاوەکانی ئەو رێککەوتنە بەو شێوەیە نەنراوە وەکو ئەوەی ئێمە چاومان لێیەتی، بە تایبەت ئەمە مانگی سێیەمە دەبوو هەنگاوەکان خێراتر بوونایە بە تایبەت لە بابەتی کارگێڕی خۆجێیی، هەروەها و پێکهێنانی لیوای تایبەتی پۆلیسی خۆجێیی لە رۆڵەکانی ناوچەکە، پێموایە بابەتی بودجە رەنگدانەوەی نێگەتیڤی لەسەر دۆخی جێبەجێکردن و هەنگاوەکانی رێککەوتنەکە هەبوو، بە تایبەت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ هاندەرن بۆ ئەوەی هەنگاوەکان بنرێن لەپێناو جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە لەسەر زەوی، چونکە خەڵکانی ئێزدی لای ئێمە خۆشەویستن تاوەکو ئێستا سەتان هەزاریان دەربەدەر و ئاوارەن، هەروەها بەشێکی زۆری عەرەبی موسڵمان و تورکمان تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری. بۆیە رێککەوتنەکە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی هەموو خەڵکەکەمان بگەڕێنەوە.






رووداو
Top