رۆحانی پەیامێک لەبارەی ئەمریکاوە دەداتە کازمی
ئەمڕۆ یەکشەممە 7-3-2021، نووسینگەی حەسەن رۆحانیی سەرکۆماری ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، رۆحانی بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کردووە.
بەپێی بەیاننامەکە، حەسەن رۆحانی و مستەفا کازمی گفتوگۆیان لەبارەی دواپەرەسەندنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لادانی سڕکردن لەسەر چەند ملیار دۆلارێکی پارەی ئێران لە عێراق، کردووە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە سەرکۆماری ئێران رایگەیاندووە، گرنگیدان بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق کاری لەپشینەی ئێرانە و ئەو وڵاتە هەموو دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی عێراق، رەت دەکاتەوە.
حەسەن رۆحانی بە مستەفا کازمی راگەیاندووە، بوونی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مایەی ناسەقامگیری و نائارامییە و ”ئەمریکا رۆڵێکی تێکدەرانە لە ناوچەکە و عێراق دەگێڕێت“.
رۆحانی جەختی لە گرنگیی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کردووەتەوە و رایگەیاندووە، دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان دەبێتە مایەی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق.
باسنيوز