نووسینگەی مەرجەعی شیعەکان بەیاننامەیەک لەبارەی کۆبوونەوەی پاپا و سیستانی دەردەکات
نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بەیاننامەیەک لەبارەی کۆبوونەوەی سیستانی و پاپای ڤاتیکان، بڵاو دەکاتەوە.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 6-3-2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان سەردانی نەجەفی کرد و لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆ بووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق رایگەیاندووە، سیستانی و پاپا فرانسیس گفتوگۆیان لەبارەی ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە کردووە و ئاماژەیان بە رۆڵی باوەربوون بە خوا و پەیامەکانی کردووە.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پاپا و سیستانی گفتوگۆیان لەبارەی جەند بابەتێکی دیکەی پەیوەندیدار بە مرۆڤایەتی کردووە، وەک ستەم، هەژاری، توندوتیژیی ئایینی و فکری، دژایتیکردنی ئازادییەکان، نەبوونی دادپەروەری، شەڕەکان، گەمارۆی ئابووری و ئاوارەکردن و کێشەی فەلەستین.
نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سیستانی باسی رۆڵی کەسایەتییە باڵا ئایینییەکانی لە سنووردانان بۆ ئەو کێشانە کردووە و هیوای خواستووە ئەو کەسایەتییانە وڵاتان بەتایبەت زلهێزەکان هان بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی عاقڵانە و دوورکەوتنەوە لە شەڕ.
ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی جەختی لە پێێگەی عێراق و مێژووەکەی کردووەتەوە و هیوای خواستووە ئەو قەیران و کێشانەی ئێستای تێپەڕێنێت و مەسیحییەکانیش لە عێراق لە کەشێکی ئارام و بە ئاشتییانە و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانیان بژین.
باسنيوز