پاپای ڤاتیکان گەیشتە نەجەف
پاپای ڤاتیکان گەیشتە شاری نەجەف لە باشووری عێراق و بەرەو ماڵی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دەچێت.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 6-3-2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان گەیشتە نەجەف و بڕیارە لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، کۆ ببێتەوە.
دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەلی سیستانی، پاپا فرانسیس دەچێتە شاری مێژوویی ئور لە پارێزگای زیقار و لەگەڵ نوێنەرانی هەموو ئاینەکان لە عێراق، کۆ دەبێتەوە.
بڕیارە دوای زیقار، پاپای ڤاتیکان بگەڕێتەوە بەغدا و لە ئێوارەی ئەمڕۆ، قەداسێک لە کاتدرائییەی مار یوسفی کلدانەکان لە بەغدا، ساز بکات.
رۆژی هەینی 5-3-2021، پاپا فرانسیس بە سەردانێکی مێژوویی گەیشتە بەغدا و بڕیارە لە رۆژی یەکشەممە 7-3-2021ش سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات.
باسنیوز