پەرلەمانی عێراق 18 بڕگەی لە پڕۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی پەسندکرد

پەرلەمانی عێراق 18 بڕگەی لە پڕۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی پەسندکرد
پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆبووەوە، 18 بڕگەی لە پرۆژەیاسای دادگەی فیدراڵی پەسندکرد و دەنگدانی لەسەر شەش بڕگەی دواخست.

پەرلەمانی عێراق بڕگەکانی 1، 4 ، 5 ، 6 ، 7 ، 9 ، 11 ، 13 تاوەکو 20 ، 22 و 23 و 24ی لە پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی پەسندکرد و ئەو بڕگانەی دواخراون: 2، 3 ، 8 ، 10 ، 12 ، 21 ـن و لە دانیشتنی دووشەممەی داهاتوو دەنگیان لەسەر دەدرێت.

رۆژی شەممە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، لیژنەی یاسایی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەبارەی ئەو بڕگانەی دەنگدانیان لەسەر دواخراوە، کۆدەبنەوە.


ئەو 18 بڕگەیەی پەسندکراوە بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران بووە. پێشتر پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق تێبینییان لەسەر چەند بڕگەیەکی یاساکە هەبوو لەوانە ماددەکانی: 2، 3 و 5 کە باس لە دادوەرەكان و شارەزای ئایینی و یاسایی و پێنەدانی رۆڵ بە هەرێمی کوردستان لە دیاریکردنی دادوەرەکان لە دادگای فیدراڵی دەكەن.


دادگەی فیدراڵی بۆ دەرکردنی بڕیار پێویستی بە دەنگی هەموو ئەندامانی دادگەکەیە، بەڵام ئێستا بەهۆی نەخۆشکەوتنی یەکێکیان و کۆچی دوایی ئەندامێکی دیکەوە، ناتوانن کۆبوونەوەکانیان ئەنجام بدەن.

ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، ئەحمەد حاجی رەشید لەو بارەیەوە بە رووداوی راگەیاند، دادگەی ئیتحادی دەبێت کارابکرێت و دوو ئەندامی بۆ زیاد بکرێت، ئەویش یان دەبێت لەرێگەی هەمواری ئەو یاسایە بێت کە دادگاکەی پێ دامەزراوە پێش 2005 کە دەستووری عێراق پەسندکرا، یانیش دەبێت یاسای دیکەی بۆ دەربچێت، کە لە ماددەی 93ـی دەستوور باس لە دادگەی ئیتحادی دەستووری کراوە و زۆر جیاوازە لەو دادگایەی ئێستا هەیە.
rudaw -
Top