پەرلەمانی عێراق دەنگدانی لەسەر شەش ماددەی یاسای دادگای فیدراڵی دواخست

پەرلەمانی عێراق دەنگدانی لەسەر شەش ماددەی یاسای دادگای فیدراڵی دواخست
پەرلەمانی عێراق لە كۆی 24 ماددە 18 ماددەی پرۆژە یاسای دادگای فیدراڵی پەسندكرد، شەش ماددەشی بۆ دانیشتنی داهاتوو دواخست.

دانا حەمە جەزا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا بە زۆرینەی دەنگ 18 ماددەی پرۆژە یاسای دادگای فیدراڵی پەسندكران، ماددەكانی 3، 8، 10، 12، 21 و پرۆژە یاساكەش بۆ دانیشتنی رۆژی دووشەممەی داهاتوو دواخرا".

پەرلەمانتارەکەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی "بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو شەش ماددەیە، بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو 6ی ئاداری 2021 فراكسیۆنە سیاسییەكان كۆببنەوە، چونكە پێویستیان بە لێكتێگەیشتنی سیاسییە بۆئەوەی لە دانیشتنی رۆژی دووشەممە 8ی ئاداری 2021ی پەرلەمان دەنگ لەسەر ماددەکان بدرێت".

دادگای فیدراڵی بۆ دەرکردنی بڕیار پێویستە بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی دادگاکە بڕیار بدات، بەڵام ئێستا بەهۆی نەخۆشکەوتنی یەکێکیان و کۆچی دوایی ئەندامێکی دیکەی، ناتوانن کۆبوونەوەکانیان ئەنجام بدەن.

ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دادگای فیدراڵی دەبێت کارا بکرێت و دوو ئەندامی بۆ زیادبکرێت، ئەویش یان دەبێت لەڕێگەی هەمواری ئەو یاسایە بێت کە دادگاکەی پێی دامەزراوە پێش ساڵی 2005 کە دەستووری عێراق پەسندکرا، یان دەبێت یاسای دیکەی بۆ دەربچێت، کە لە ماددەی 93ی دەستوور باس لە دادگای فیدراڵیی دەستووری کراوە و زۆر جیاوازە لەو دادگایەی ئێستا هەیە".
rudaw -
Top