حەسەن كەعبی: دەنگ بە پرۆژەی بودجە نادەین ئەگەر پارەی زیاتر بۆ زیقار لەخۆنەگرێت

حەسەن كەعبی: دەنگ بە پرۆژەی بودجە نادەین ئەگەر پارەی زیاتر بۆ زیقار لەخۆنەگرێت
جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمان دەنگ بە پرۆژە بودجەی 2021 نادات، ئەگەر بڕی پارەی زیاتر بۆ پارێزگای زیقار و پارێزگا هەژارەكانى ديكه لەخۆنەگرێت.

بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی حەسەن كەعبی، رۆژی پێنجشەمە 4ی ئاداری 2021 جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارێزگای زیقار، وەزیرانی دارایی، پلاندانان، كارەبا، تەندروستی، نەوت، كشتوكاڵ، ئاوەدانكردنەوە و شارەوانییەكان، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران كۆبووەتەوە و جەختی لەسەر گرنگیی دامەزراندنی سندووقی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای زیقار كردووەتەوە و بە پێویستییەكی سەرەکیی ناوبردووە، هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەمە هەنگاوی یەكەمە بۆ ئەو پارێزگایانەی بەدەست كەمیی خزمەتگوزاری و نەبوونی ژێرخانەوە دەناڵێنن".

وەكو لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە، "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، مەبەستی سیاسیی لەپشتەوە نییە، بەڵكو بۆ تاوتوێكردنی رێگەكانە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە وەستاوەكان و چارەسەركردنی گیروگرفتەكانی پارێزگای زیقار".

داواشی لە پەرلەمانتارانی پارێزگاكە كرد، بەپەلە پەیوەندی بە دانیشتووانی پارێزگاكەوە بكەن و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە جێبەجێكارەكان بكەن بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی دانیشتووانی پارێزگاكە.

دوای زیادبوونی گرژییەکان لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای زیقار، رۆژانی هەینی و شەممەی رابردوو مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری تایبەت بە دۆخی ئەو پارێزگایەی دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکانی کازمی تایبەت بە زیقار دانانی عەبدولغەنی ئەسەدی بوو بە پارێزگاری نوێی زیقار.

خۆپێشاندانەكانی ئەم دواییەی زیقار بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی 314 کەسی دیکە.
rudaw -
Top