کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ: ئەو پێشێلكارییەی له عێراق بەرامبەر منداڵان دهكرێ له جیهاندا كهموێنهیه
فازڵ غەراوی، ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بە رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمی ڕاگەیاند:" کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی 2015دا یاسای پاراستنی منداڵانی بە هەماهەنگی لەگەڵ یونسێف پێشکەش کردووە و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی دوای چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەی یاساکەوە تا ئێستا ئەو یاسایە پەسەندنەکراوە و نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە".
روونیشی كردەوە، کە پەسەندنەکردنی ئەو یاسایە یەکێکە لە هۆکارەکانی پشت بەرزبوونەوەی پێشلکارییەکان بەرامبەر منداڵان و جێبەجێکردنی ڕێکاری پێویست لەلایەن حکوومەتەوە بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان، بەهۆی نەبوونی یاساکانی پەیوەست بە منداڵان کە لەتوانایدا هەبێت مافەکانی منداڵان بپارێزیت.
گوتیشی:"مافەکانی منداڵان لە عێراق تا ئێستاش پێشێلکاری ترسناکی تێدا دەکرێت، بەتایبەت لەو ژینگەیەی منداڵانی تێدا دەژین، هەروەها ئەو پێداویستییە تەندروستی، زانستی، ژینگەیی و ئەمنییەی تێیدا دەژین، هەروەها بێبەشکردنیان لە خوێندن و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان، فرۆشتنی ئەندامانی جەستەی منداڵ و کارپێکردنیان لەو جێگایانەی کە نابێت منداڵانی تێدابێت. یەکێکی دیکە لە پێشێلکارییەکان ئەو نەهامەتییانەیە کە لە کەمپەکاندا روبەڕووی منداڵانی ئاوارە دەبێتەوە".
فازل غەراوی ڕاشیگەیاند" سەرجەم ئەو بەڵێنانەی پێشتر لەلایەن بەرپرسانی باڵای عێراق و سیاسییەكان دراون بۆ گرنگیدان بە دۆسیەکانی مافی مرۆڤ و خێزان و کۆمەڵگا، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا هیچ گۆرانکاری و بەرەوپێشچوونێکی بەخۆوە نەبینیوە".
ئەندامەكەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئەوەشی خستەڕوو" دەبوو لە ساڵی 2016وە دەستەی چاودێریی منداڵ دابمەزرایە و ستراتیژیەتی نشتیمانی پارێزگاریكردن لە منداڵان بۆ 30 ساڵی داهاتوو هەبێت و یاسای پاراستنی منداڵ دەربكرێت، بەڵام ئەمانە هیچیان نەكراون، ئەوەش وای كردووە پێشێلكاریی مەترسیدار بەرامبەر منداڵان لە عێراق بكرێت، كە لە هیچ وڵاتێكی دیكهی جیهاندا هاوشێوهی نییه".
باسنيوز