وەزیری نەوتی عێراق داوا لە رووسیا دەکات لە ناردنی ڤاکسین پەلە بکات
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند "لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەلێكساندەر نۆڤاك، جێگری سەرۆكوەزیرانی رووسیا، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی سوورە لەسەر دابینكردنی ڤاكسینی پەسندكراو لەلایەن رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ هاووڵاتییانی عێراقی، ئەوەش لەپێناو پاراستنیان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و كاركردنی جیددی بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری".
بە گوتەی عاسم جیهاد، وەزیری نەوت داواكاریی عێراقی بۆ پەلەكردن لە ناردنی ڤاكسینی رووسی لەگەڵ جێگری سەرۆكوەزیرانی رووسیا تاوتوێ كردووە و دەڵێت "ئەلیكساندەر نۆڤاك، جێگری سەرۆكوەزیرانی رووسیا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ هاوكاریكردنی عێراق لەو چوارچێوەیەدا و داوای لە وەزیری تەندروستیی رووسیا کرد پەلە بكات بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەکەی عێراق".
لە چوارچێوەی بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەتی لە هەردوو كەرتی نەوت و وزە، لەسەر داوای حكومەتی رووسیا، رۆژی چوارشەممە 3/3/2021 ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق گەیشتە مۆسكۆ.
rudaw -