پاپا بەر لە سەردانەکەی بۆ عێراق هۆشداریی لە کارەساتێک دەدات

پاپا بەر لە سەردانەکەی بۆ عێراق هۆشداریی لە کارەساتێک دەدات


پاپای ڤاتیکان بەر لە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، هۆشداریی لە کارەساتێکی گەورە دەدات.

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان رایگەیاندووە، ئەگەر مرۆڤایەتی لەسەر ئەو رێگایەی ئێستای بڕوا، کارەساتی لافاوە گەورەکەی سەردەمی حەزرەتی نوح (دروودی خوای لەسەر بێ) دووبارە دەبیتەوە.

پاپا فرانسیس پێیوایە ئەو کارەساتە وەک سزایەکی خواییە بۆ مرۆڤایەتی بەهۆی زۆربوونی ستەمکارییەوە.

پاپای ڤاتیکان ئەو قسانەی بۆ مارکۆ بوزای نووسەری ئیتاڵی کردووە، کە ئەویش لە کتێبێکدا نووسیویەتییەوە و بڕیارە لەم مانگەدا چاپ بکرێت.

پاپا فرانسیس داوای لە سەرانی جیهان کردووە ”عاقڵ بن“ و بە پێویستیشی زانیوە حکوومەتەکان بەر لە هەر هەنگاوێک، ”بووەستن و بیربکەنەوە“.

بڕیارە لە رۆژانی 5 تا 8-3-2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.

بەرنامەی کاری سەردانەکەی پاپا:

- رۆژی 5-3-2021 دەگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا و لەوێ لەگەڵ مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ دەبێتەوە.

- رۆژی 6-3-2021 سەردانی نەجەف دەکات و لەگەڵ ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆ دەبێتەوە و دواتر سەردانی شوێنەواری ئور لە پارێزگای زیقار دەکات.

- رۆژی 7-3-2021 لەڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و هەر لە فڕۆکەخانە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

- هەر هەمان رۆژ سەردانی مووسڵ دەکات و دواتر دەچێتە ناوچەی قەرەقۆش و دواتریش دەگەڕێتەوە هەولێر.

- ئێوارەی ئەو رۆژە لە یارگای نێودەوڵەتیی شەهید فرەنسۆ هەریری قەداسێک ساز دەکات.

- دوای قەداسەکە لە هەولێر، دەگەڕێتەوە بەغدا و رۆژی دواتر (8-3-2021) دەگەڕێتەوە ڤاتیکان.








باسنيوز
Top