شاندێکی باڵای سەربازیی سعودیە سەردانی عێراقی کرد
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، فەریقی یەکەمی فڕۆکەوان فەییاز بن حامد ئەلرویلی، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سعودیە بە سەرۆکایەتی شاندێک سەردانی عێراقیان کرد. سەردانەکەش لەسەر داوای فەرمی فەریق روکنی یەکەم عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق بووە.
سوپاسالاری هەردوو وڵات بە ئامادەبوونی ئەفسەرانی باڵای هەردوو وڵات کۆبوونەوە. گفتوگۆیانکردووە لەبارەی ئاسۆی هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات لە بواری سەربازیدا.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سعودیە خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو سەردانە دەربڕیوە و ستایشی تواناکانی سوپای عێراق و قوربانیدانەکانیانی کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی عێراق و ناوچەکەدا.
دواتر شاندەکە لەگەڵ جومعە عەناد سەعدون، وەزیری بەرگریی عێراق کۆبووەوە، هەردوولا پەیوەندیی دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێکرد.
rudaw -