باڵوێزی ڤاتیکان لە بەغدا بەر لە سەردانەکەی پاپا تووشی کۆرۆنا بوو

باڵوێزی ڤاتیکان لە بەغدا بەر لە سەردانەکەی پاپا تووشی کۆرۆنا بوو


باڵوێزی ڤاتیکان لە بەغدای پایتەختی عێراق، بەر لە سەردانەکەی پاپا، تووشی پەتای کۆرۆنا بوو.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە 28-2-2021 میتجا لیسکۆڤار، باڵوێزی ڤاتیکان لە بەغدا رای گەیاندووە، کە ئەنجامی پشکنینەکەی دەری خستووە، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە.

میتجا لیسکۆڤار هەروەها رای گەیاندووە، خۆی و ژمارەیەک لە کارمەندانی باڵوێزخانەکەی، خۆیان کەرەنتین کردووە.

باڵوێزی ڤاتیکان لە عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تووشبوونیئەو بە پەتای کۆرۆنا هیچ گۆڕانکارییەک لە سەردانەکەی پاپا، دروست ناکات.

بڕیارە لە رۆژانی 5 تا 8-3-2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.

بەرنامەی کاری سەردانەکەی پاپا:

- رۆژی 5-3-2021 دەگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا و لەوێ لەگەڵ مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ دەبێتەوە.

- رۆژی 6-3-2021 سەردانی نەجەف دەکات و لەگەڵ ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆ دەبێتەوە و دواتر سەردانی شوێنەواری ئور لە پارێزگای زیقار دەکات.

- رۆژی 7-3-2021 لەڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و هەر لە فڕۆکەخانە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

- هەر هەمان رۆژ سەردانی مووسڵ دەکات و دواتر دەچێتە ناوچەی قەرەقۆش و دواتریش دەگەڕێتەوە هەولێر.

- ئێوارەی ئەو رۆژە لە یارگای نێودەوڵەتیی شەهید فرەنسۆ هەریری قەداسێک ساز دەکات.

- دوای قەداسەکە لە هەولێر، دەگەڕێتەوە بەغدا و رۆژی دواتر (8-3-2021) دەگەڕێتەوە ڤاتیکان.






باسنیوز
Top