سێ میلیشیای حەشدی شەعبی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکا دەکەن

سێ میلیشیای حەشدی شەعبی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکا دەکەن


بەپێی راپۆرتێکی (سکای نیوز)، هەرسێ میلیشیای حزبوڵڵای عێراقی، عەسایب ئەهلی حەق و نوجەبا دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکانیان لە عێراق بە ”تاکە رێگا“ی سەقامگیرکردنی بارودۆخی عێراق، داناوە.

ئەو سێ میلیشیایە بەهۆی بۆردومانی ژمارەیەک بنکە و بارەگای میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لەسەر خاکی سووریا، هەڕەشەی ”تۆڵەکردنەوەیەکی توند“یان لە ئەمریکا کردووە.

هاوکات ئەو میلیشیایانە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراقیان بە ”خیانەتکردن“ تۆمەتبار کردووە، چونکە زانیاریی هەواڵگرییان لەبارەی ئەو گرووپابە لە سووریا، داوەتە هێزە ئەمریکییەکان.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 26-2-2021، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە فەرمانی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەو وڵاتە، چەند بارەگایەکی میلیشیا شیعەمەزهەبەکانی نزیک لە ئێرانیان لەناو خاکی سووریا و لە نزیک سنوورەکانی عێراق، بۆردومان کرد.

دواى هێرشه‌كه‌، ڵۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئه‌مریكا رای گەیاند، بۆردومانه‌كان وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ک بوو بۆ گرووپە چەکدارە شیعەکان،‌ كه‌ له‌ شەوی 15ی ئه‌م مانگه‌دا هێرشی مووشه‌كییان كرده‌ سه‌ر شاری هەولێر، كه‌ له‌ ئەنجامدا بەڵێندەرێکی سڤیل كوژرا و چه‌ند سەربازێکی ئه‌مریكی و هاوپەیمانان بریندار بوون.





باسنیوز
Top