حەلبوسی داوای رێزگرتن لە سەروەریی عێراق دەکات

حەلبوسی  داوای رێزگرتن لە سەروەریی عێراق دەکات
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوای هێرشی باڵوێزەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر یەکتر، داوای رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتەکەی دەکات.

ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی ئێران لە بەغدا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رای گەیاندبوو، وڵاتەکەی بوونی هێزی بیانی و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق رەت دەکاتەوە و داوای لە تورکیا کرد هێزەکانی لە عێراق بکێشێتەوە و هیچ هەڕەشەیەک لەسەر ئەو وڵاتە، دروست نەکات.

لە بەرامبەردا، فاتیح یەڵدز، باڵوێزی تورکیا لە بەغداش رای گەیاند، ئیرەج مەسجدی ”دوایین کەسە“ باس لە سەروەریی عێراق بکات و وانەی رێزگرتن لە سنوورەکانی عێراق بداتەوە.

دوای ئەو لێدوانانەی هەردوو باڵوێزی ئێران و تورکیا دژی یەکتر، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رای گەیاند کە ئەرکی باڵوێزی وڵاتان لە عێراق نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکانیان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ بەغدا.

محەمەد حەلبوسی بەبێ ناوهێنانی مەسجدی و یەڵدز، داوای لە ”هەندێک“ باڵوێز کردووە لە ئەرکەکانی خۆیان تێ بگەن و دەست لە کاروبارێک وەرنەدەن کە کاری ئەوان نییە و رێز لە سەروەریی عێراق بگرن.




باسنيوز
Top