مالیکی: عێراق شکۆی دەوڵەتی نەماوە

مالیکی: عێراق شکۆی دەوڵەتی نەماوە
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا باسی راگەیاندنی هەرێمێک لە باشووری وڵاتەکەی، دەکات و رای دەگەیەنێت، عێراق شکۆی دەوڵەتی نەماوە.

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق (2006-2014)، لە بەیاننامەیەکدا، رای گەیاندووە، ئەوەی لە پارێزگای زیقار دەگوزەرێ سەرەتایەکە بۆ راگەیاندنی هەرێمێک، کە سەنتەرەکەی شاری ناسریەیە.

نوری مالیکی هەروەها رای گەیاندووە، دامەزراندنی هەرێمێک لە زیقار لەلایەن ”لایەنی دەرەکییەوە“ پلانی بۆ داڕێژراوە.

ئەو سەرکردە باڵایەی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، عێراق گەیشتووەتە قۆناغێک، کە تێیدا نە شکۆی دەوڵەت ماوە نە داواکاریی خۆپیشاندەرانیش هێنراوەتە دی.

هەفتەی رابردوو بەهۆی گوشاری خۆپیشاندەران، کە لە مانگی 10ـی 2019ـەوە بە خۆپیشاندان داوای مافە سەرەتاییەکانی ژیان وەک ئاوی خواردنەوە و کارەبا دەکەن و هێزە ئەمنییەکان بە گوللە وەڵامیان دەدەنەوە، مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق پارێزگاری زیقاری لەسەر کارەکەی دوور خستەوە.

مستەفا کازمی هەروەها فەریق روکن عەبدولغەنی ئەسەدی، فەرماندەی دژەتیرۆری عێراقی وەک پارێزگاری نوێی زیقار، دیاری کرد.

هەرچەندە بەپێی ماددەی 119ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق، هەموو پارێزگایەکی ئەو وڵاتە مافی خۆیەتی داوای بە هەرێمبوون بکات، بەڵام سەرکردە سیاسییە عێراقییەکان بەردەوام دروستبوونی هەرێمی دیکەی جگە لە هەرێمی کوردستان، رەت دەکەنەوە و بە سەرەتای دابەشبوونی عێراقی دەزانن.










باسنيوز
Top