وەزارەتی تەندروستی: دووشەممەی داهاتوو ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق

وەزارەتی تەندروستی: دووشەممەی داهاتوو ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، دووشەممەی داهاتوو ڤاکسینی سینۆفارمی کۆرۆنا لە چینەوە دەگاتە عێراق.

ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، 01-03-2021 یەکەم کاروانی ڤاکسینی سینۆفارمی دژە کۆرۆنا لە چینەوە دەگاتە عێراق، ئەو کاروانەش بێبەرامبەرە و حکومەتی چین بەخشیویەتییە عێراق، لە داهاتووشدا کاروانی دیکەی ڤاکسینی سینۆفارمی دژە کۆرۆنا دەگەنە عێراق، ئەو ڤاکسینانەش بەپێی پلانی داڕێژراو سەرەتا دەدرێنە کارمەندانی کەرتی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان، دواتر دەدرێنە کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

عێراق ئەندامە لە هاوپەیمانیی کۆڤاکس، کە 190 وڵات تێیدا ئەندامن و کار بۆ مسۆگەرکردنی دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بە یەکسانی بۆ هەموو ئەندامانی دەکات، وەزارەتی تەندروستیی عێراق راشیگەیاند، لە کاتێکدا بەپێی رێککەوتنی عێراق لەگەڵ هاوپەیمانییەتەکە، کە لە ئەیلوولی ساڵی 2020 واژۆ کرا "هاوپەیمانییەکە ڤاکسین بۆ 20٪ـی دانیشتووانی عێراق دابین دەکات، کە 16 ملیۆن ژەمە و ڤاکسینی ئەسترازینیکای ئۆکسفۆردە و بە 169 ملیۆن و 736 هەزار و 840 دۆلار کڕدراوە، بڕیاریشە رێکخراوی یونیسێف لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا بیگەیێنێتە عێراق".

بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، کە بۆ کڕینی 1 ملیۆن و 500 ژەمە ڤاکسین لە 21-12-2020 دا رێککەوتنێکمان لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر-بایۆنتیک لە بەریتانیا واژۆ کرد، کە بڕیار بوو بە سێ کاروان بگاتە عێراق، "بەڵام کۆمپانیاکە لە 15ـی شوباتی 2021 دا داوای دەرکردنی یاسایەکی لە عێراق کرد بۆ بێبەریکردنی کۆمپانیاکە لە هەر بەرپرسیارێتییەک و پێدانی هەر قەرەبوویەک، ئەوەش بووە هۆی دواکەوتنی گەیشتنی ڤاکسینی فایزەر-بایۆنتیکی دژە کۆرۆنا بۆ عێراق".

کۆتایی هەفتەی رابردوو، دکتۆر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، راگەیاند: "بڕیارە شەممە 27ـی شوباتی 2021، یاخود یەکشەممەی داهاتوو، یەکەم کاروانی ڤاکسینی سینۆفارمی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چینەوە رەوانەی عێراق بکرێت، هەروەها بڕیارە ڤاکسینی ئەسترازینیکاش تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بگاتە عێراق، هەر ڤاکسینێکیش بگاتە عێراق بەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراق دابەشدەکرێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە".

تائێستا 692 هەزار و 241 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 632 هەزار و 998 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، بەڵام 13 هەزار و 383 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
rudaw -
Top