كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ له‌ عێراق: ئێستا 13 ملیۆن عێراقی داهاتی رۆژانەیان دۆلارێك تا دوو دۆلارە

كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ له‌ عێراق: ئێستا 13 ملیۆن عێراقی داهاتی رۆژانەیان دۆلارێك تا دوو دۆلارە
ئەندامێكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ له‌ عێراق ئاشكرای دەكات، رێژەی هەژاری لە عێراق هه‌ڵكشاوه‌ و 13 ملیۆن عێراقی داهاتی رۆژانەیان دۆلارێك یان دوو دۆلارە.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 27/2/2021، عەلی بەیاتی ، ئەندامی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ له‌ عێراق بە میدیاكانی عێراقی راگەیاندووە: "بەهۆی دۆخی عێراق و هاتنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا و قەیرانی داراییه‌وه‌، رێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتە 34%، ئێستا 13 ملیۆن عێراقی داهاتی رۆژانەیان دۆلارێك تا دوو دۆلارە".

ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی هەژارییەوە لە عێراق توندوتیژیی خێزانی زۆر زیادی كردووە و تاوانی زۆر مەترسیداری خێزانی دروست بووە، "گەڕانەوەی قەدەغەی هاتوچۆ و خراپیی دۆخی ئابووری، جارێكی تر دۆخەكە خراپتر دەكاتەوە و رێژەی هەژاری و تاوان زیاتر دەكات، بۆیە دەبێت حكوومەتی عێراقی بەرپرسیاریەتی ئەو دۆخە بگرێتە ئەستۆ".

ئەندامەكەی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ له‌ عێراق، روونی دەكاتەوە، منداڵان و بەتەمەنەكان و ئافرەتان رووبەرووی توندوتیژییەكی زۆر دەبنەوە، لە ساڵی رابردوودا رێژەی توندوتیژی لە عێراق لە بەرزترین ئاستدا بووە، "دەركردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، لە پەرلەمانی عێراق زۆر دواكەوتووە، لە كاتێكدا توندوتیژیی خێزانی لە عێراق زۆر بەرزبووه‌تەوە، راستە لە وڵاتانی تریش توندوتیژی هەیە، بەڵام لەو وڵاتانه‌ دامەزراوە و فەرمانگەی تایبەتمەند هەیە بۆ پێشكەشكردنی هاوكاریی دروونی و كۆمەڵایەتی بۆ كەمكردنەوەی شوێنەواری توندوتیژییەكان".












باسنيوز


Top