ئەمینداری گشتیی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق و باتڵ : چەکی مقاوەمە گەرەنتییە بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان
ئەمینداری گشتیی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق هەڕەشە لە هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق دەکات و رای دەگەیەنێت، چەکی مقاوەمە گەرەنتییە بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی ئەو میلیشیایە، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگای میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا، بە ”کارێکی سووک“ هەژمار دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 26-2-2021، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە فەرمانی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەو وڵاتە، چەند بارەگایەکی میلیشیا شیعەمەزهەبەکانی نزیک لە ئێرانیان لەناو خاکی سووریا و لە نزیک سنوورەکانی عێراق، بۆردومان کرد.
قەیس خەزعەلی پێیوایە ئەو بۆردومانە لە بەرژەوەندیی ”پرۆژەی زایۆنی“یە لەسەر حیسابی خوێنی عێراقییەکان.
ئەمینداری گشتیی عەسایب ئەهلی حەق هەروەها رای گەیاندووە، کە بارەگا بۆردومانکراوەکان بارەگای میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بوون و ”پاراستنی سنووری نێوان عێراق و سووریایان“ لە ئەستۆ بوو.
قەیس خەزعەلی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە تەنیا بە چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق سەقامگیری بۆ ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە و هێزە ئەمریکییەکانیش تەنیا بە ”ئیرادەی میللی، بڕیاری سیاسی و چەکی بەرەی مقاوەمە“، لە عێراق دەچنە دەرەوە.
بەرەی مقاوەمە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و لە دەیان گرووپ و میلیشیای چەکداریی شیعەمەزهەبی عێراق و وڵاتانی عەرەبی پێک دێت و بەردەوام بانگەشەی دژایەتیی ئیسرائیل و ئەمەریکا دەکەن.
باسنیوز