سوپرایزی هەڵبژاردنی پێشوەخت؛ هاوپەیمانێتییەک کورد، شیعە و سوننە لە عێراق کۆدەکاتەوە
شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان کە ھۆشیار زێباری سەرۆکایەتیی دەکات دوو رۆژە لە بەغدان و چوارەم سەردانیانە بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانێتی لەگەڵ شیعەکان، ئەگەرێک ئێستا لەنێوانیان شەنوکەو دەکرێت، سائیروونی موقتەدا سەدر و عێراقیونی عەمار حەکیم رکابەری ئەوەن حزبە کوردستانی و سوننەکان لە خۆیان کۆبکەنەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پارتی لە گفتوگۆی جیددی و چڕدایە تاوەکو لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەگەڵ شیعەکاندا، بەتایبەتی سائیروونی موقتەدا سەدر، بچنە بەرەیەکەوە.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت "چەندین لایەنی سیاسی دید و بۆچوونی خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە پێشکەشی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، لەوانە بەڕێز عەمار حەکیم و ھاوپەیمانیی سائیروون و چەندین لایەنی دیکە، بەنیسبەت ئێمە وەکو پارتی، ھەر شتێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بێت، ئەوە دەکەین، سەیر دەکەین کام لایەنە تێگەیشتنی لەگەڵ ئێمە ھەبێت، لەسەر بنچینەی فیدراڵییەت و لەسەر بنەمای مافەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، دوایین بڕیاریش لای سەرکردایەتیی سیاسی و سەرۆک مەسعود بارزانی دەبێت".
بەپێی زانیارییەکان، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان وادەی تۆمارکردنی ھاوپەیمانێتیی بۆ کۆتایی مانگی سێ درێژدەکاتەوە، لایەنە سیاسییەکان لە گفتوگۆکانیان نەوەستاون و دوای سەردانەکەی عەمار حەکیم بۆ کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کورد، رەوتی حیکمە خوازیارە لایەنە کوردستانییەکان گەر لەگەڵ موقتەدا سەدر گەیشتنە بنبەست، بێنە نێو ئەو ھاوپەیمانێتییە کە بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا رایبگەیێنن، چاوەڕوان دەکرێت محەممەد حەلبووسی وەکو بەشێکی سوننەکان بەشداربێت تێیدا.
فەھد ئەلجبووری، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە دەڵێت "لە رۆژانی داھاتووی نزیکدا ھاوپەیمانییەکی سیاسی نوێ رادەگەیندرێت، ئەو ھاوپەیمانێتییە لە ھەموو پێکھاتەکان پێکھاتووە، ھەریەک لە پێکھاتەکانی سوننە، شیعە، کورد و پێکھاتەکانی دیکەش بەشدارن تێیدا، پرۆسەی سیاسیی داھاتووی عێراق بەرگەی دووبارەبوونەوەی تائیفییەت ناگرێت کە عێراق پێیدا تێپەڕبوو".
رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021 وەکو وادەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق پێشنیازکراوە، بەڵام ئەمە ھێشتا قسەی کۆتایی نییە و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت پەسندی بکات و پاشان خۆی ھەڵوەشێنێتەوە، جگە لەوەی ھێشتاش یاسای دادگای فیدراڵیش کێشەی لەسەرە و لە پەرلەمان تێنەپەڕێندراوە.
rudaw -