خۆپێشاندەرێك لە زیقار كوژرا و زیاتر لە 30 كەسی دیكەش برینداربوون
حازم سەعیدی، جێگری پارێزگاری زیقار راگەیاند، "لە خۆپێشاندانەكانی ئەمڕۆی شاری ناسریەی سەنتەری پارێزگای زیقاردا گرژی لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزەكانی چالاکییە مەدەنییەکاندا روویدا و بەهۆیەوە خۆپێشاندەرێك كوژرا و زیاتر لە 30 كەسی دیكەش برینداربوون كە زۆربەیان لە خۆپێشاندەرانن".
بەگوتەی سەعیدی، خۆپیشاندەران داوای دوورخستنەوەی پارێزگار و تەواوی ئیدارەی پارێزگا دەكەن، هەروەها "داوای سزادانی بكوژانی خۆپێشاندەران و گەندەڵكاران دەكەن".
سەبارەت بە سەردانەكەی وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ شاری ناسریە، جێگری پارێزگاری زیقار رایگەیاند، بە مەبەستی هێوركردنەوەی رەوشەكە ئەمڕۆ عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆ و قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بەجیا لەگەڵ سەرۆكهۆزانی زیقار و نوێنەری خۆپێشاندەران كۆبوونەوە، "بەڵام زانیاریی وردمان لەبارەی كۆبوونەوەكە نییە، چونكە هیچ بەرپرسێكی پارێزگا ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوو."
چەند رۆژێكە دانیشتوانی شاری ناسریە خۆپێشاندانیان دەستپێكردووەتەوە؛ بەپێی داتا نافەرمییەكان لە چوار رۆژی رابردوودا دوو خۆپێشاندەر كوژراون و زیاتر لە 100 كەسی دیكەش برینداربوون كە زۆربەیان لە خۆپێشاندەرانن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكان لە شاری بەغدا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە كانوونی یەكەمی 2019 تاوەكو ئێستا، نزیكەی 600 كەس كوژراون و نزیکەی 20 هەزار كەسی دیكەش برینداربوون كە زۆربەیان لە خۆپێشاندەرانن.
rudaw -