عێراق بڕیاری نوێكردنەوەی كارتی بایۆمەتریی عێراقییەكان لە 21 وڵات دەدات

عێراق بڕیاری نوێكردنەوەی كارتی بایۆمەتریی عێراقییەكان لە 21 وڵات دەدات
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پەسندكردنی بڕیاری نوێكردنەوەی كارتی بایۆمەتری عێراقییەكانی لە 21 وڵاتی جیهان راگەیاند.

جومانە ئەلغلای، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق راگەیاند "كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەردەوامە، بەتایبەتی كارتی بایۆمەتری بۆ عێراقییەكانی دەرەوەی وڵات، ئەوەش لە پێناو دابینكردنی مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا".

هەروەها گوتی، "ئەنجوومەنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیاری نوێكردنەوەی كارتی بایۆمەتری عێراقییەكانی لە 21 وڵات پەسندكردووە."

دووشەممەی رابردوو 22/2/2021 گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 15 ملیۆن و 459 هەزار و 9 کارتی بایۆمەتری تەواوبوون. 13 ملیۆن و 227 هەزار و 570 کارتی دەنگدان دابەشکراون، 945 هەزار و 47 کارت نوێکراونەتەوە کە 12 هەزار و 168ـیان لەنێو ئاوارەکاندان.

باسی لەوەشکرد، رۆژی 27-2-2021 دوایین وادەیە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان و ئاماژەی بەوەکرد، 30 هاوپەیمانێتی پەسندکراون و هەشتیش لە پێکهێناندان، هەروەها 249 حیزب تۆمارکراون و 58ـیش کار بۆ دامەزراندنیان دەکرێت و 86 حیزبی سیاسی داخوازیی خۆیان پێشکێشکردووە کە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، 1-3-2021 دوایین وادەیە بۆ تۆمارکردنی بەربژێرەکان".
rudaw -
Top