کۆشکی سپی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بایدن و کازمی ئاشکرا دەکات
کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا (کۆشکی سپی)، ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆکی وڵاتەکەی و سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-2-2021، کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، شەوی سێشەممە (دوێنێ)، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کردووە.
کۆشکی سپی رایگەیاندووە، جۆ بایدن و مستەفا کازمی گفتوگۆیان لەبارەی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر باڵوێزخانە و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کردووە و رێککەوتوون لەسەر ”پێویستیی لێپرسینەوە لە بەرپرس و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە“.
پێش کۆشکی سپی، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو، لەگەڵ جۆ بایدن گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە، کردووە.
گرووپ و میلیشیا چەکدارییەکان بەردەوام بە مووشەک باڵوێزخانە و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەنە ئامانج و ئەمریکاش میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی نزیک لە ئێران، بەو هێرشانە تاوانبار دەکات.
باسنیوز