موقتەدا سەدر: مووشەکهاوێژەکانی بەغدا سەر بە بەرەی مقاوەمەن

موقتەدا سەدر: مووشەکهاوێژەکانی بەغدا سەر بە بەرەی مقاوەمەن


رێبەری رەوتی سەدر دان بەوەدا دەنێت، کە ئەو گرووپ و میلیشیایانەی ناوە ناوە ناوچەی سەوزی بەغدا مووشەکباران دەکەن، سەر بە بەرەی بەرگری (مقاوەمە)ن.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر باڵوێزخانەکان لە عێراق تادێ زیاد دەبن.

موقتەدا سەدر پێیوایە ئەو هێرشانە دەبنە هۆیدروستکردنی مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتییانی عێراق و شکۆی دەوڵەتی عێراق لەکەدار دەکەن.

رێبەری رەوتی سەدر دان بەوەدا دەنێت، کە ئەو گرووپانەی بە مووشەک هێرش دەکەنە سەر باڵوێزخانەکان لە بەغدا سەر بە بەرەی مقاوەمەن و رایگەیاندووە، ”ئایا ترساندنی هاووڵاتییان و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانیان، لەگەڵ مقاوەمە یەک دەگرێتەوە؟ یان ناوبانگی لەکەدار دەکات و ئاستی جەماوەری دادەبەزێنێت؟“.

موقتەدا سەدر داوای لەو گرووپانە کردووە واز لە سەرەڕۆیی بێنن و بە پێویستیشی دەزانێ حکوومەتی عێراق لە دژی ئەو گرووپانە دەستەوەستان نەوەستێت.

ئەو لێدوانەی سەدر دوای ئەوە دێت، کە شەوی دووشەممە 22-2-2021 بە مووشەک هێرش کرایە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا، کە باڵوێزخانەی ئەمریکا و زۆرینەی باڵوێزخانەکانی دیکەی وڵاتانی لێیە و بەهۆیەوە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان سووتان.

بەرەی مقاوەمە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و لە دەیان گرووپ و میلیشیای چەکداریی شیعەمەزهەبی عێراق و وڵاتانی عەرەبی پێک دێت و بەردەوام بانگەشەی دژایەتیی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەن.








باسنیوز
Top