249 حزب بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق خۆیان تۆمار كرووە

249 حزب بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق خۆیان تۆمار كرووە


کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رای دەگەیه‌نێت، 30 هاوپەیمانێتی و 249 حزبی سیاسی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو خۆیان تۆماركردووە.

جەمانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە رۆژنامەی فەرمیی عێراق (سه‌باح)ـی راگەیاند: "تا ئێستا هەڵبژاردنی داهاتوو 30 هاوپەیمانێتیی تۆمار کراوە، هەشتی دیکەش لە تۆمارکردندان، هەروەها 59 کاندیدی تاکەکەسی خۆیان تۆمار کردووە، لەگەڵ یەك هاوپەیمانێتی، کە یەک کاندید پێشکەشی کردووە".

گوتەبێژی کۆمسیۆن ئاشكراشی كرد، تا ئێستا 249 حزب تۆمار کراون، 58ی دیکەش لە پڕۆسەی دامەزراندن، 86 حزبی دیکەش بۆ خۆتۆمارکردن سەردانی کۆمسیۆنیان کردووە".

ئاماژەی بەوەش دا 915 هەزار و 300 کەس تۆماری دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە، 15 ملیۆن و 459 هەزاریش بایۆمەترییان نوێ کردووەتەوە، 13 ملیۆن و 227 هەزار و 570 کارتی بایۆمەتریش دابەش کراون.

حكوومەتی عێراقی بڕیاری داوە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021، هەڵبژاردنی پەرلەمانی بكرێ.







باسنيوز
Top