کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: زیاتر لە 15 ملیۆن کارتی بایۆمەتری تەواو بوون
جومانە غەلایی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 15 ملیۆن و 459 هەزار و 9 کارتی بایۆمەتری تەواو بوون. 13 ملیۆن و 227 هەزار و 570 کارتی دەنگدان دابەش کراون، 945 هەزار و 47 کارتیش نوێکراونەتەوە کە 12 هەزار 168ـیان لەنێو ئاوارەکاندان.
لەبارەی چاودێرانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە جومانە غەلایی ئاماژەی بەوە دا کە تاوەکو ئێستا ژمارەی چاودێرانی نێوخۆیی سێ هەزار و 547 کەسن کە لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکهاتوون. لەگەڵ چاودێرانی بریکاری حیزبە سیاسییەکان کە دوو هەزار و831 کەسن، وێڕای 75 لایەن لە باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە تاوەکو ئێستا بەشداری دەکەن.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوەیش کرد، 2021/02/27 دوایین وادەیە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان کە 30 هاوپەیمانێتی پەسندکراون، هەشتیش لە پێکهێناندان و حەوت هاوپەیمانێتییش سەردانی فەرمانگەی کاروباری حیزبەکانیان کردووە و فۆرمی بەشداریکردنی هەڵبژاردنیان پڕکردووەتەوە.
هەروەها گوتەبێژی کۆمیسیۆن راشیگەیاند، 249 حیزب تۆمارکراون و 58ـیش کار بۆ دامەزراندنیان دەکرێت و 86 حیزبی سیاسی داخوازیی خۆیان پێشکێش کردووە کە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن.
جومانە غەلایی گوتی: "پارەی دڵنیایی بەربژێرەکان بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردن لە پێنج ملیۆن دینارەوە بۆ دوو ملیۆن دینار کەم کراوەتەوە."
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، رۆژی 2021/03/01 دوایین وادەیە بۆ تۆمارکردنی بەرژێرەکان کە تاوەکو ئێستا 59 بەرژێر لە پارێزگاکان داواکاریان پێشکێش کردووە، هاوپەیمانیی قادیروونیش بەربژێرێکی پێشکێش کردووە. لەگەڵ ئەوەی ئەو ژمارەیە کەمە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمە دوایین وادەیە بۆ پێشکێشکردنی بەربژێرەکان.
rudaw -