به‌رپرسان و سیاستمه‌دارانی عێراق پێش هاووڵاتیان خۆیان به‌ ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنا ده‌كوتن

به‌رپرسان و سیاستمه‌دارانی عێراق پێش هاووڵاتیان خۆیان به‌ ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنا ده‌كوتن
سه‌رچاوه‌یه‌كی حكوومیی عێراقی ڕای گه‌یاندووه‌، كه‌ ده‌یان كه‌س له‌ به‌رپرسان و سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق، پێش ئه‌وه‌ی پێكوته‌ی كۆرۆنا بگاته‌ وڵاته‌كه‌یان، خۆیان كوتاوه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20/2/2021، سه‌رچاوه‌یه‌كی حكوومیی عێراقی، به‌ سایتی ڕووسیا توده‌ی ڕاگه‌یاندووه‌، كه‌ ده‌یان كه‌س له‌ سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق، پێش ئه‌وه‌ی پێكوته‌ی دژه‌كۆرۆنا به‌ فه‌رمی بگاته‌ وڵاته‌كه‌یان، خۆیان به‌و پێكوته‌یه‌ كوتاوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌، كه‌ هه‌زاران ژه‌م له‌ پێكوته‌ی دژه‌كۆرۆنا گه‌یشتووه‌ته‌ به‌رپرسان و سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق و ئه‌وه‌یان وه‌كوو دیاری له‌ وڵاتێكی عه‌ره‌بییه‌وه‌ پێ گه‌یشتووه‌، بۆیه‌ پێش هاووڵاتیان خۆیان به‌و دژه‌كۆرۆنایه‌ كوتاوه‌‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش‌ كراوه‌، كه‌ ئه‌و ژه‌مانه‌ی گه‌یشتوونه‌ته‌ عێراق، به‌ 10 هه‌زار ژه‌م داده‌نرێ و سیاسه‌تمه‌داران و سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كان و به‌رپرسانی بواری جێبه‌جێكاری و كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كان و خێزانه‌كانیان كوتراون.

بڕیاره‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، پێكوته‌ی دژه‌كۆرۆنا له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا بگاته‌ عێراق، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوودا ژماره‌ی تووشبوان به‌ په‌تای كۆرۆنا رووی له‌ زیادی كردووه‌ و ئه‌وه‌ش به‌رپرسانی عێراقی ناچار كرد كه‌ په‌یڕه‌وی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ به‌شێكی زۆری ناوچه‌كانی عێراق بكه‌نه‌وه‌.













باسنيوز


Top