مستەفا كازمی: بكوژانی خۆپێشاندەران رادەستی دادگا دەكرێن

مستەفا كازمی: بكوژانی خۆپێشاندەران رادەستی دادگا دەكرێن
سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، مافی خۆپێشاندەرە بریندارەكان و قوربانیدانیان بەفیڕۆناچێت، بكوژانیش رادەستی دادگا دەكرێن بۆئەوەی بە سزای خۆیان بگەن.

بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 18ی شوباتی 2021 مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا پێشوازیی لەو بریندارانە كردووە كە لەسەر خەرجیی حكومەت بۆ چارەسەركردن رەوانەی دەرەوەی وڵات كرابوون، كە بریندارانی خۆپێشاندانەكان و هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبین.

وەكو لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە "كازمی جەختیكردووەتەوە لە پابەندبوونی حكومەت بە چارەسەركردنی بریندارانی خۆپێشاندەران، هێزە ئەمنییەكان، حەشدی شەعبی و حەشدی عەشائیری، بەو پێیەی هەموویان عێراقین و لەپێناو وڵاتەكەیان قوربانییان داوە"، راشیگەیاندووە "مافی خۆپێشاندەرە بریندارەكان بەفیڕۆناچێت و بكوژانیش رادەستی دادگا دەكرێن، بۆئەوەی بە سزای خۆیان بگەن".

سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لەوە دەکات "ئەو ئامانجانەی خۆپێشاندانیان لەپێناو دەستپێكرا، بریتیبوون لە گۆڕانكاری، چاكسازی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەڵبژاردنی پێشوەخت، لە بەدیهێنانیان نزیكبووینەتەوە، حكومەتیش سوورە لەسەر بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە و هەموو هەوڵێكیش دەدات بۆ نەهێشتنی هەڵەكانی رابردوو".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا كازمی باسی لەوە کردووە "بڕیاری حكومەت بۆئەوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدان و قوربانیانی خۆپێشاندانەكان بگرێتەوە، بەدواداچوون بۆ برینداران بكات و بۆ چارەسەركردن رەوانەی دەرەوەی وڵاتیان بکات، بەشێكە لە کاری ئەوان؛ لیژنەیەكیش لە دادوەران و کەسانی یاسایی بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە دەكەن".

له‌ سه‌ره‌تای تشرینی یه‌كه‌می 2019 لە بەغدا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق‌، دژی گه‌نده‌ڵی، بێكاری و كه‌میی خزمه‌تگوزاری، خۆپێشاندان ده‌ستیپێكرد، بەپێی داتا نافەرمییەكان، نزیكەی 600 كەس كوژران و 25 هەزار كەسی دیكەش برینداربوون، كە زۆربەیان لە خۆپێشاندەران بوون.
rudaw -
Top