بڕیاری دوو جار لەسێدارەدان بۆ ئەو ئافرەتەی هەردوو منداڵەکانی فڕێدابوونە دیجلە دەرکرا
سەرچاوەیەکی دادوەریی رای گەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18/2/2021 بڕیاری دوو جار لەسێدارەدان بۆ ئەو ئافرەتە دەرکرا، کە چوار مانگ بەر لە ئێستا، هەردوو منداڵەکەی خۆی لەسەر پردی ئەئمە لە بەغدا فڕێدانە ناو رووباری دیجلە و خنکان.
سەرچاوەکە گوتی: ”دادگای تاوانەکانی کەرخ بڕیاری دوو جار لەسێدارەدانی بۆ ئەو ئافرەتە دەرکرد، کە هەردوو منداڵەکەی خۆی لەسەر پردی ئەئمە لە بەغدا فڕێدانە ناو رووباری دیجلە“.
پێشتر لە 17/10/2020، سەرچاوەیەکی تەناهی رایگەیاندبوو، کە ئافرەتێک بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵێی خێزانی، دوو منداڵەکەی خۆی لەسەر پردی ئەئمە لە بەغدا فڕێ داونەتە ناو رووباری دیجلە.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کردبوو کە: ”دەمەقاڵێیەکە لەنێوان پیاوێک و هاوسەرەکەیدا بووە، دواتر پەرەی سەندووە و پاڵی بە ئافرەتەکە ناوە بەپەلە منداڵەکانی هەڵبگرێ و روو بکاتە پردی ئەئمە“.
گوتیشی: ”ئافرەتەکە بەبێ ئاگاداریی خانەوادەکە چووەتە دەرەوە و رووی کردووەتە ئەو شوێنە، بۆ ئەوەی هەردوو منداڵەکەی یەک بەدوای ئەویتر فڕێ بداتە ناو رووباری دیجلە، کە تەمەنی یەکێکیان سێ ساڵ و ئەوەتر دوو ساڵ بووە“.
کامێرا جێگیرەکانی سەر پردەکە ئەو گرتانەیان تۆمار کردبوو، کاتێ ئافرەتەکە دوو منداڵەکەی فڕێ دەداتە ناو رووبار و دوای چەند سەعاتێک بەسەر تاوانەکە، ئافرەتەکە دۆزرایەوە و دەستگیر کرا.
دوای دوو رۆژ لە رووداوەکەش، پۆلیسی دەریاوانی تەرمی یەکێک لە منداڵەکانی دۆزییەوە و چەند رۆژێک دواتر تەرمی دووەمیشیان دۆزرییەوە.
باسنيوز