کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڕی بارمتەی وەرگیراو لە کاندیدەکان کەمدەکاتەوە

 کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڕی بارمتەی وەرگیراو لە کاندیدەکان کەمدەکاتەوە
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕی بارمتەی وەرگیراو لە بەربژێر لەبەرامبەر بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەران لە پێنج ملیۆن دینارەوە بۆ دو ملیۆن دینار کەمدەکاتەوە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەراگەیەندراوێکدا کە رایگەیاندوە، "وەکو سوربونێک لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ فراوانکردنی بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و کەمکردنەوەی قورسایی دارایی لەسەر شانی ئەوانەی ئارەزوی خۆپاڵاوتنیان هەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، ئەنجومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی بڕی ئەو بارمتەیەی دەخرێتە سەر هەژماری کۆمیسیۆن کە وەردەگیرێت".

بەپێی بڕیارەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، هەر بەربژێرێکی تاک کە دەیەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات یان هەر پاڵێوراوێک لە چوارچێوەی ئەو لیستە کراوانەی کە حزبەکان یان هاوپەیمانییە سیاسییەکان پێشکەشی دەکەن، بڕی 2000000 (دو ملیۆن دینار)یان لێوەردەگیرێت، لەکاتێکدا پێشتر 5000000 (پێنج ملیۆن دینار)یان لێوەردەگیرا.

بڕیارە 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، 27ی ئەم مانگەش دوایین وادەیە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەتی بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردن.

عەبدولحسێن هینداوی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردن رایگەیاند، سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی هەنگاوەکانی حکومەت بۆ پشتیوانیکردن لەکۆمسیۆن دەکات و هەمو ئاسانکارییەک دەکرێت بۆ سەرکەوتنی کارەکانیان، هەروەها داوا لە وەزارەتەکان کراوە لەپێناوی پەلەکردن لەتەواوکردنی رێکارەکانی هەڵبژاردن لەماوەی سێ رۆژدا وەڵامی هەر داواکارییەک بدەنەوە کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاڕاستەیان دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەفەرمانی سەرۆک وەزیران سێ لیژنە پێکهێنراون کە بریتین لە لیژنەی ئەمنی بۆ سەردانی پارێزگاکان، لیژنەی هاوکاری کۆمسیۆن لەتەواوکردنی تۆماری بایۆمەتری و لیژنەی هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ دانانی چاودێری نێودەوڵەتی.






خەندان
Top