لە پارێزگای میسان شەش فەرمانبەر و بەرپرس بەهۆی گەندەڵییەوە دەستگیر کران
ئهمڕۆ چوارشەممە 17/2/2021 دەستەی دهستپاکیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا، دەستگیرکردنی گرووپێکی شەش کەسیان ڕاگەیاندووە کە فەرمانبەر و بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی لە پارێزگای میسان بوون و ویستوویانە 150 تۆن برنجی خراپبوو و نەشیاو بەسەر خەڵکدا دابەش بکەن.
لە راگەیەندراوەکدا دەستەی دهستپاکیی عێراقدا جەخت کراوەتەوە: "لە کۆگاکانی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی پارێزگای میسان 150 تۆن برنجی نەشیاو دەستی بەسەردا گیراوە، و بەو بۆنەوە 6 تۆمەتبار لەنێویاندا جێگری بەڕێوەبەری سایلۆی میسان دەستگیر کراون کە بەنیاز بوون ئەو 150 تۆن برنجە خراپ و نەشیاوە ساغ بکەنەوە، برنجەکە له پشکنینی بایولۆجی لە تاقیگەکان دەرنەچووە".
ڕاگەیەندراوەکە جەختیشی کردووەتەوە بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزاکانی عێراقی ئەو کەسانەی دەستیان لەو کارەدا هەبووە دەستگیر کراون و پاسەوانیش دانراوە لەسەر کۆگاکە بۆ ئەوەی یاری بەو 150تۆن برنجە نەکرێت.
باسنیوز