وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە داوایەک لە کازمی دەکات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، داوایەک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، شەوی سێشەممە 16-2-2021، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کردووە.
ئەنتۆنی بلینکن نیگەرانیی خۆی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بە مستەفا کازمی گەیاندووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە مستەفا کازمی کردووە بەردەوام بێ لەکارکردن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕوبوونەوەی توندڕەو و تیرۆریستان.
هەروەک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، بلینکن و کازمی گفتوگۆیان لەبارەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو گرووپانەی بەرپرسن لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر و سزادانیان، کردووە.
دوای هێرشەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و بەڵێنی پاڵپشتیی ئەمریکای بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان، بە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا.
دوای رووداوەکە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکی ئەمریکی گیانی لەدەست داوە و سەربازێک و پێنج هاووڵاتیی دیکەی وڵاتەکەشی بریندار بوون.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاتژمێر 9:30 خولەکی شەوی دووشەممە 15-2-2021، ژمارەیەک مووشەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتنە خوارەوە.
باسنيوز