ساڵ بە ساڵ رۆژی ڤالانتاین لە عێراق بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت
گوڵی جوان و رەنگاوڕەنگ، دیاری و بووکەڵە و گوڵی سووری رۆژی خۆشەویستی، ئەمساڵ لە بەغدا خواستی کەمیان لەسەرە. بەغدای ئەمساڵ لەڕووی ئەمنییەوە جیاوازە لە ساڵی پار، رێکارەکانی کۆرۆناش وایانکردووە بازاڕی گوڵی سووریش جیاوازبێت.
محەممەد جومال، گوڵفرۆش دەڵێت "بەراورد بە ساڵانی رابردوو، رۆژی خۆشەویستیی ئەمساڵ زۆر خراپە، خواستی کڕیاران ئەمساڵ نزیکەی 50% کەمیکردووە، ساڵی پێشتر مانگێک پێشتر خەڵک سەرەی دادەنا، ئەمساڵ زۆر خراپە، کڕیار زۆر کەمن و هۆکارەکەش کۆرۆنا و رەوشی ئەمنین، کە کاریگەریی کردووەتە سەر ئەم رۆژە".
بەغدا بە شاری گوڵ ناسراوە، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان تەنیا لە مانگی شووبات ساڵانە لە بەشی کەرخی شاری بەغدا نزیکەی 12 تۆن گوڵ دەفرۆشرا، کەچی ئەمساڵ لە پێنج تۆن تێنەپەڕیوە.
ساڵ بە ساڵ یادی رۆژی خۆشەویستی لە عێراق بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت، بەجۆرێک هیچ ئامادەکارییەک لە شەقامەکانی پایتەختی ئەو وڵاتە بەدیناکرێت، کە سیمای رۆژی خۆشەویستیی پێوە دیاربێت.
ساڵانە لەبەغدا لە رۆژانی پێش 14ی شووبات شەقامەکانی ئەبو نەواس و کەڕادە و مەنسوور و پارکی زەورا جمەیان دەھات لە کچان و کوڕان، کەچی ئەمساڵ خەڵک بێتاقەت دیارن و شەقامەکان چۆڵ دەردەکەون.
شەھاب سەید، هاووڵاتی دەڵێت "لەبەر رەوشی ئەمنی خەڵک نایەتە دەرەوە وەکو ساڵانی رابردوو، ساڵانی پێشوو خەڵک ئاھەنگی دەگێڕا، ئازادی ھەبوو، خەڵکی دیکە دەھاتن بۆ بەغدا بۆ گەشت و ئاھەنگ، بەڵام ئەمساڵ خەڵک ناتوانێت ئازادیی خۆی وەرگرێت و ئاھەنگ بگێڕێت".
هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی ئەحمەد سەلمان ئاماژەی بەوە کرد "گرنگترین شت ئەوەیە کە خوێنی شەھیدان خۆشەویستە لای ئێمە، ناتوانین ئاھەنگ بگێڕین، بەڵام لەڕاستیدا رۆژی خۆشەویستی زۆر جوانە".
تەقینەوەکانی ئەم دواییەی گۆڕەپانی تەیەران و جموجۆڵی گرووپە چەکدارەکان، خەڵکی بێتاقەت و نیگەران کردووە، ھەر ئەمانەش ھۆکارن کە خەڵک بیر لە یادکردنەوەی رۆژی خۆشەویستی نەکەنەوە.
rudaw -