تاریق حەرب: داوای لادانی زمانی كوردی لەسەر پاسپۆرتی عێراقی دژی دەستوورە
تاریق حەرب لە لێدوانێكیدا ئەو نووسینەی عالیە نسەیف پەرلەمانتاری عێراقی ڕەت كردەوە، كە تیایدا داوای كردبوو زمانی كوردی لەسەر پاسپۆرتی عێراقی لابدرێت، لەمبارەیەوە حەرب دووپاتی كردەوە كە زمانی كوردی بە پێی دەستووری هەمیشەیی عێراق وەكو زمانێكی فەرمیی دەوڵەت جێگیر كراوە و بەپێی دەستوور لەسەر پاسپۆرتی عێراقی بە زمانی كوردییش دەنووسرێت.
عالیە نسەیف كە بە ژنێكی شۆڤێنیستی عێراقی دژە كورد ناسراوە، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیبووی زمانی كوردی، زمانێكی ناوچەییە و پێویست ناكات لەسەر پاسپۆرت بە زمانی كوردی بنووسرێت، بەڵام دواتر لە ڕوونكردنەوەیەكدا گوتی ئەو نووسینە هی ئەو نەبووە و ئێستا سڕاوەتەوە.
تاریق حەرب لەبارەی زمانی كوردی لە دەستووری عێراقدا زیاتر ڕوونكردنەوەی گوتی "دەستووری عێراق لە مادەی چوارەمیدا، بە ڕوونی ئاماژەی بەوە داوە كە زمانەكانی عەرەبی و كوردی، زمانی فەرمیی عێراقن، هەروەها دانیشی بە زمانەكانی تردا ناوە، بەڵام هەردوو زمانی عەرەبی و كوردی وەكو زمانی پشتپێبەستراو ناساندووە كە لە دەزگاكانی دەوڵەت و بەڵگەنامەكانیدا بەكار دەهێندرێن".
حەرب دووپاتیشی كردەوە ئەوانەی داوای لادانی زمانی كوردی لەسەر پاسپۆرت دەكەن، مەبەستی سیاسییان هەیە، ئەم داوایانەش ڕەتكراوەن، چونكە لێكدوورخستنەوە و ناكۆكی لە نێوان گەلانی عێراق بەرهەم دێنن.
bas news -